بێلینگهام لە رۆناڵدۆ و زیدان کاریگەرترە

جود بێلینگهام ناوەڕاستکاری یانەی ریاڵ مەدرید
جود بێلینگهام ناوەڕاستکاری یانەی ریاڵ مەدرید

ستیڤ ماکمەنەمان یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی ئینگڵتەرا و یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانیا، پێیوایە جود بێلینگهامی هاونیشتیمانی، لە ریزەکانی یانە شاهانەکە کاریگەری لە رۆناڵدۆ و زینەدین زیدان زیاترە.

جود بێلینگهام ناوەڕاستکاری هەڵبژاردەی ئینگڵتەرا، هاوینی رابردوو بەرامبەر نزیکەی 103 ملیۆن یۆرۆ، ریزەکانی یانەی بورووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی جێهێشت و پەیوەندی بە ریاڵ مەدریدەوە کرد، ئەو یاریزانە لاوە لە یەکەم وەرزی توانیویەتی ئاستێکی باش پێشکەش بکات و هەمووانی سەرسام کردووە.

ئاستە نایابەکەی ناوەڕاستکارە لاوەکەی مێرنگی، ستیڤ ماکمەنەمانی ناچار کردووە و بۆچوونی جیاواز و سەرنجڕاکێشی لەسەر هەبێت، ئەستێرەکەی پێشووی سێ شێرەکان پێیوایە هاونیشتیمانیەکەی رۆڵی لە دوو ئەفسانەی پێشووی یانە شاهانەکە زیاتر بووە.

ماکمەنەمان لە دیمانەیەکدا لەگەڵ TNT Sport دەڵێت '' لویس فیگۆ یاریی بۆ ریاڵ مەدرید کردووە، رۆناڵدۆی دیاردەش بە هەمان شێوە، هەروەها زیدانیش ساڵانێک یاریی بۆ مێرنگی کردووە، بەڵام هیچ کامیان بە قەد بێلینگهام کاریگەری لەسەر ئەنجامەکانی مەدرید نەبووە، نابێت ئەوە لەبیر بکرێت جود تەنها تەمەنی 20 ساڵە ''.

ناوەڕاستکارەکەی پێشووی ئینگڵتەرا و ریاڵ مەدرید لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت '' بێلینگهام بەهۆی ئەوەی بە پارەیەکی خەیاڵی پەیوەندی بە ریاڵ مەدریدەوە کردووە، فشارێکی زۆری لەسەر بوو، بەڵام ئەو یاریزانە هەرگیز نەیهێشتووە ئەم فشارە کاریگەری لەسەر دروست بکات ''.

جود بێلینگهام ئەم وەرزە لەگەڵ ریاڵ مەدرید، لە کۆی 37 یاریی لە سەرجەم خوڵ و پاڵەوانتیەکان، خاوەنی 21 گۆڵ و 10 ئاسیستە و باشترین گۆڵکاری یانەکەیەتی.