لاوانی عێراق لە پێناو دوو ئامانج دەجەنگن

هەڵبژاردەی ئۆڵمپی عێراق
هەڵبژاردەی ئۆڵمپی عێراق

هەڵبژاردەی ئۆڵمپی عێراق، لە پێناو بەدەستهێنانی پلەی سێیەمی جامی ئاسیا و بلیتی ئۆڵمپیکی پاریسی 2024، رووبەڕووی ئێندەنوسیا دەبێتەوە.

هەڵبژاردەی لاوانی عێراق، دوای ئەوەی لە قۆناغی پێشکۆتایی جامی ئاسیای خوار 23 ساڵان، بەرامبەر ژاپۆن تووشی دۆڕان بوو، ئەمجارەیان لە پێناو بەدەستهێنانی پلەی سێیەمی پاڵەوانتیەکە، هەروەها بلیتی ئۆڵمپیکی 2024ـی پاریس، رووبەڕووی هەڵبژاردەی لاوانی ئێندەنوسیا دەبێتەوە، شێرەکانی رافیدەین لە ئەگەری دۆڕانیان لەم یارییەش، ئەو کات پێویستە رووبەڕووی هەڵبژاردەی لاوانی غانا نوێنەری ئەفریقیا ببنەوە.

لە ئەگەری بردنەوەی عێراق لەم یارییە، ئەو کات لە کۆمەڵەی دووەمی ئۆڵمپیک جێگیر دەبێت و رووبەڕووی ئارجێنتینا و ئۆکرانیا و مەغریب دەبێتەوە، بە پێچەوانەوە ئەگەر بدۆڕێت و پاشان بەرامبەر نوێنەرەکەی ئەفریقیا براوە بێت، ئەو کات لە کۆمەڵەی یەکەمی ئۆڵمپیک رووبەڕووی فەرەنسا و ئەمریکا و نیوزلەندا دەبێتەوە.

هەڵبژاردەی لاوانی عێراق پێشتر تەنها پێنجار بەشداری یارییەکانی ئۆڵمپیک کردووە، دوایینجاریش ساڵی 2016 بوو و لەو کاتەوە بەشداری ئۆڵمپیکی نەکردووە.