لایەنەکان تا ئێستا لەسەر دیاریکردنی پارێزگارێکی نوێ بۆ کەرکووك ڕێک نەکەوتوون

K24 – کەرکووك:
تاوەکو ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک لەنێوان لایەنەکان بۆ دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک نەکراوە. پارتی پێشنیازی کردووە کەسێک بکرێت بە پارێزگاری کەرکووک کە کورد بێت و بتوانێت هاوسەنگیی نێوان پێکهاتەکان ڕابگرێت.
تا ئێستا هیچ کام لەلایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئامادەنین دەستبەرداری پۆستی پارێزگاری کەرکووک بن، هەر ئەمەش بووە بە بەربەست لەبەردەم پێکهێنانی ئیدارە شارەکە.
حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووك بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دەمانەوێت کەسێک ببێتە پارێزگاری شارەکە بتوانێت هاوسەنگیی لەنێوان نەتەوەکان ڕابگرێت، چونکە جوگرافیا و پێکهاتەی شاری کەرکووک جیایە لە هەموو شارەکانی دیکە.
دوو کۆبوونەوە لە بەغدا بەسەرپەرشتی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی پرسەکەوە بەڕێوەچووە، بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبووە.
لای خۆیەوە قەحتان وەندی، بەرپرسی لقی کەرکووکی بەرەی تورکمانی بە کوردستان24ـی گوت: گەڕێکی دیکەی گفتوگۆمان دەوێت لەگەڵ سەرۆکوەیزرانی عێراق، ئێمە ئامادەیی چارەکردنی پرسەکەین دڵنیاشم ئەوە نزیکە.
گرنگترین ئەو پێشنیارانەی پێشکەش کراون بۆ پێکهێنانی ئیداری کەرکووک، دەستاودەستکردنی پۆستی پارێزگارە دوو ساڵ بەدوو ساڵ لەنێوان کورد و عەرەب، ئەمە تا ڕادەیەک ڕەزامەندی بەدەست هێناوە، بەڵام لەسەر ئەوەی کێ دوو ساڵی یەکەم پۆستەکە وەربگرێت هێشتا کەس ئامادە نییە ئەو سازشە بکات.
ڕۆژانی (16 و 18ـی کانوونی یەکەمی 2023) پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتی لە پارێزگای کەرکووک بەڕێوەچوو، کە بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن ڕێژەی بەشداریکردن لەو پارێزگایە گەیشتە 66%، سەرەڕای ئەوەی بەهۆی کێشە لە ئامێرەکانی دەنگدان و نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر و کارتی دەنگدان، هەزاران هاووڵاتی کورد لەو شارە بێبەش بوون لە دەنگدان.
ڕۆژی پێنجشەممە (28ـی کانوونی یەکەمی 2023) کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند، 559 هەزار و 221 دەنگی دروست لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەبووە کە کۆی گشتی ژمارەی کورسیی ئەنجوومەنەکە لە 16 کورسی پێکهاتووە (11 کورسی بۆ پیاو، 4 کورسیی کۆتای ئافرەتان و یەک کورسی کۆتای پێکهاتەی کریستیان).