ئانۆ جەوهەر: ناکرێت هەر حزبێک لاواز بوو داوای گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن بکات

ئانۆ جەوهەر، سەرۆکی ھاوپەیمانی حاموڕابی
ئانۆ جەوهەر، سەرۆکی ھاوپەیمانی حاموڕابی

K24 – هەولێر:

سەرۆکی ھاوپەیمانی حامورابی ڕایدەگەیەنێت، نیگەرانن لەو هەڵە مێژوویەی کە یەکێتی کردی، هەروەها یەکێتی پرسێکی ناو ماڵی کوردستانی بردە دادگایەک کە زۆرینەی بڕیارەکانی دژی هەرێمی کوردستانە. ئانۆ جەوهەر دەڵێت: "پارتی لەژێر سێبەری سەرۆک بارزانی بووەتە چەترێکی نیشتمانی و، دەتوانم لە ڕێگەی ڕێبازی بارزانی باشترین خزمەتی کریستیانەکان بکەم".

ئانۆ جەوهەر، سەرۆکی ھاوپەیمانیی حامورابی، لەمیانەی بەشداریی لە بەرنامەی ئێکسی کوردستان24 کە کۆڤان عیزەت پێشکەشی دەکات ڕایگەیاند، 11 کورسیی کۆتاکانی پەرلەمانی کوردستان هی پێکهاتەکانە و هی پارتی دیموکراتی کوردستان نییە، "ئێمە لە دێر زەمانەوە وەک پێکهاتەکان لە هەرێمەکە هەین".

سەرۆکی ھاوپەیمانیی حامورابی، ئاماژە بەوە دەکات، 99%ـی کریستیانەکان لە هەولێر و دهۆک نیشتەجێن، ڕێژەیکی کەمیان لە سلێمانی نیشتەجێن، بەڵام هەموو کریستیانەکان یەک دەنگ و یەک هەڵوێستن و نوێنەری پێکهاتەکەی خۆیان لە هەرێمی کوردستان دەکەن.

ناکرێت هەر حزبێک لاواز بوو داوای گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن بکات

لەبارەی سكاڵاکەی یەکێتی لەسەر کورسیی پێکهاتەکان، ئانۆ جەوهەر، دەڵێت: نیگەرانین لەو هەڵە مێژوویەی کە یەکێتی کردی، یەکێتی پرسێکی ناو ماڵی کوردستانی بردە دادگایەک کە زۆرینەی بڕیارەکانی دژی هەرێمی کوردستانە.

سەرنجی خستە سەر ئەوەش، ناکرێت یاسای هەڵبژاردن بە ویستی حزب گۆڕانکاری تێدا بکرێت، هەروەها ناکرێت هەر حزبێک لاواز بوو داوای گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن بکات.

ئانۆ جەوهەر، گوتی: "ئێمە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشمان لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد و داوامان کرد دەنگدانی پێکهاتەکان لە دەنگدانی گشتیی جیابکرێتەوە، هەموو بەو داواکارییە ڕازی بوون، بەڵام دواتر بینیمان یەکێتی چوو سکاڵای پێشکەش کرد و کارەکەی تێک دا".

پارتی لەژێر سێبەری سەرۆک بارزانی بووەتە چەترێکی نیشتمانی

سەرۆکی ھاوپەیمانیی حامورابی، لە درێژەی قسەکانیدا سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، نزیکەی چوار هەزار کریستیان لە هێزەکانی زێرەڤانیدا هەیە، لە شەڕی دژی داعشیش قوربانی زۆریان دا.

لەبارەی پەیوەندییان بە حزبی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئانۆ جەوهەر، ئاشکرای کرد، ئەو لەنێو پارتییە بۆ ئەوەی خزمەتی کریستیانەکان بکات، هەر کاتێکیش پارتی بڕیارێک دژی کریستیانەکان دەر بکات دژی پارتی دەوەستێتەوە. ناوبراو دەڵێت: پارتی وەک حزبێک سەیر ناکەم بەڵکو لەنێو پارتیم بەهۆی ئەوەی سەرۆک بارزانی سەرۆکی پارتییە.

هاوکاتی گوتیشی: "پارتی لەژێر سێبەری سەرۆک بارزانی بووەتە چەترێکی نیشتمانی، ئێمە بە هەموو شێوەیەک لەژێر سێبەری ئەو چەترە نیشتیمانییەداین، دەتوانم لە ڕێگەی رێبازی بارزانی باشترین خزمەتی کریستیانەکان بکەم".

سەرۆک بارزانی بەرگرییەکی برایانە و باوکانەی لە مافی پێکهاتەکان کرد

سەرۆکی ھاوپەیمانیی حامورابی، دووپاتی کردەوە، تا ئێستا هیچ بڕیارێکی پارتیم دژ بە کرسیتیانەکان نەبینیوە، هەروەها هەر حزبێکی کوردستان پرۆژەیەکیان لە بەرژەوەندی کریستیانەکان هەبێت ئێمە ڕێزی لێ دەگرێن و قبوڵی دەکەین.

ئاماژەی بەوەش کرد، سەرۆک بارزانی لە دووەم ڕۆژی پرسەی خوشکی، پرسەکەی جێهێشت و هات لەگەڵ کریستیانەکان و تورکمانەکان کۆبووەوە و بەرگرییەکی برایانە و باوکانەی لە مافی پێکهاتەکان کرد، ئەوەی سەرۆک بارزانی کردی هیچ کەسێک لە سەرتاسەری جیهان نەیکردووە.

لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە  ئانۆ جەوهەر، ڕایگەیاند، هەر وەکو سەرۆک بارزانی ئاماژەی پێکردووە تا هەموومان لە کوردستان یەک دەست بین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەبێ پێکهاتەکان ناکرێت.

دڵنیام کورسیی کۆتای پێکهاتەکان دەگەڕێتەوە

ناوبراو باسی لە دادگای فیدراڵیی کرد و گوتی: بڕیارەکانی دژی کورسیی کۆتاکان نایاسایی بوو، "هیوادارم لە داهاتوویەکی نزیکدا پێکهاتەی دادگای فیدراڵی بگۆڕدرێت".

هاوکات گوتیشی: "دڵنیام کورسیی کۆتای پێکهاتەکان دەگەڕێتەوە چونکە هەموو جیهان پاڵپشتمانن، پاپای ڤاتیکانیش لەگەڵ ئەوەیە کورسیی کۆتای پێکهاتەکان بگەڕێتەوە".

لەبارەی بەشداریی حزبەکەی ڕەیان کلدانی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکی ھاوپەیمانیی حامورابی دەڵیت: "ئەگەر کورسیی کۆتاکان بگەڕێندرێتەوە کێ دەیەوێت با بێت خۆی تاقی بکاتەوە، بەڵام دڵنیام کەس دەنگی پێ نادات".