9 یاریزانی كورد قوە جەوییە دەكەنە پاڵەوانی عێراق
خولی تۆپی پێی خانمانی عێراق كۆتایی هات، یانەی قوە جەوییە بە پاڵپشتی 9 یاریزانی كورد نازناوەكەی بردەوە، فائیزە جەلال گۆڵپارێزی كوردی یانەكەش بە باشترین گۆڵپارێزی خولەكە دیاریكرا.
خولی خانمانی عێراق بە بەشداریی شەش یانە بە شەش مانگ كۆتایی هات، یانە بەشداربووەكان پێكهاتبوون لە یانەكانی قوە جەوییە، نەفتی شیمال، بەدیر، ئەمانەی بەغدا، فەتاتی بەغدا و شەهرەبانی دیالە.
بەهۆی ئەوەی هیچ یانەیەكی هەرێمی كوردستان بەشدارییان لە خولەكە نەكرد، بۆیە یانەكانی عێراق سوودیان لەم دەرفەتە وەرگرت و پێكهاتەكانیان پڕ كرد لە سووپەرستاری كورد، لەو نێوەندەدا یانەی قوە جەوییە بە تەنیا 9 یاریزانی كوردی گواستەوە، پاڵپشتی خانمە كوردەكان بووە پاڵەوانی عێراق، لە نێویاندا فائیزە جەلال بە باشترین خانمە گۆڵپارێزی خولەكە دیاریكرا.
لە لایەكی دیكەیشەوە یانەی نەفتی شیمالی شاری كەركووكیش بە راهێنەرێكی كورد و پۆلێك لە یاریزانی كورد كە 11 یاریزانی شارەكانی كوردستانی لەخۆگرتبوو پلەی دووەمیان بەدەستهێنا، یوسرا ئیبراهیم كە خەڵكی شاری هەولێرە لە یانەی نەفتی شیمال بە باشترین خانمە یاریزانی خولەكە دیاریكرا.