ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان: زیاتر لە دوو هەزار میدیای دیجیتاڵی و ڕۆژنامەوانی مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە

K24- هەولێر
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایدەگەیەنێت، لە ساڵانی رابردوودا زیاتر لە دوو هەزار میدیای دیجیتاڵی و ڕۆژنامەوانی، لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە، لەوانە 130 ماڵپەڕی هەواڵی، 138 ڕادیۆ، 263 ڕۆژنامە، 726 گۆڤار، 31 کەناڵی ئاسمانی و 85 کەناڵی ناوخۆیی، لەگەڵ ئەوەشدا شەش هەزار و 910 ئەندامی کارا، دووسەد و 42 ئەندامی مەشقکار و دوو هەزار و 20 ئەندامی بەشدار لە سەندیکای رۆژنامەنووسان تۆمارکراون.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی ئازادی ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ریژەی زیاتر لە سەدا 70 ی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی جێبەجێ کردووە، ئاماژە بەوەش دەکات، لەماوەی ڕابردوودا مۆڵەتی کاردن بەزیاتر لە دوو هەزار میدیای دیجیتاڵی دراوە، جەختیش لەوە دەکاتەوە هەوڵەکانیان بەردەوام دەبێت بۆ هەموارکردنەوەی یاسای رۆژنامەنووسی بۆ گونجاندنی لەگەڵ دۆخی ئێستادا.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی سەر بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لەدوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، 11 ڕاسپاردەی تایبەت بەکاری رۆژنامەنووسی کەوتنە واری جێبەجێکردن کە لەلایەن ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئۆرگانە نێودەوڵەتییەکانی دیکە، ئاڕاستەی دام و دەزگا پەیوەندیدارەکان کرابوون.
بەگوێرەی ڕاپۆتەکان، پلانی بەراوردکاری بەم شێوەیەیە، لە ساڵی 2022، تەنها یەک ڕاسپاردە جێبەجێکراوە و پێنجی دیکەیان جێبەجێ نەکراون، پێنج ڕاسپاردەی دیکە لە قۆناغی جێبەجێکردندا بوون، بەڵام لە ساڵی 2023، حەوت ڕاسپاردە جێبەجێکراون و یەک ڕاسپاردە جێبەجێ نەکراوە، سێ ڕاسپاردەی دیکە لە قۆناغی جێبەجێ کردندا بوون، بۆیە جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی بواری ئازادی رۆژنامەگەری لە پرۆسەی جێبەجێکردنی پلانەکە، بەرێژەی زیاتر لە سەدا 70 زیادیکردووە.
لەبارەی پاراستنی مافی یاسایی رۆژنامەنووسان، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایدەگەیەنێت، لە ساڵی 2023، پێنج داوای یاسایی دژی دەزگاکانی ڕاگەیاندن بۆ دادگا بەرزکراونەتەوە لەسەر بابەتی جۆراوجۆری وەک، سازش لەسەر ئاسایشی نیشتمانی، ناوزڕاندن و سووکایەتی و هەڕەشە، لەگەڵ ئەوەش پارێزەر بۆ بەرگری کردن لە رۆژنامەنووسان و دەزگاکانی راگەیاندن دابینکراوە.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان روونی دەکاتەوە، لە ساڵانی رابردوودا زیاتر لە دوو هەزار میدیای دیجیتاڵی و رۆژنامەوانی، لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە، لەوانە 130 ماڵپەڕی هەواڵی، 138 ڕادیۆ، 263 رۆژنامە، 726 گۆڤار، 31 کەناڵی ئاسمانی و 85 کەناڵی ناوخۆیی، لەگەڵ ئەوەشدا بۆردێک پێکهێنراوە بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ دەزگاکانی ڕاگەیاندن.
هاوکات ئاماری ئەندامانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە ساڵی 2023 بەم شێوەیە بووە.
شەش هەزار و 910 ئەندامی کارا، دووسەد و 42ئەندامی مەشقکار و دوو هەزار و 20 ئەندامی بەشدار لە سەندیکای رۆژنامەنووسان تۆمارکراون.
دیندار زێباری ئاماژەی بەوەش کرد، لە ڕووی یاساییەوە هەوڵ دەدرێت یاسای کاری ڕۆژنامەنووسی هەموار بکرێتەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەم سەردەمە بگونجێت و گوتی: کاتێک یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007 پەسەند کرا، ئەو کات تەنیا باس لە ڕۆژنامەنووسی خوێنراو کراوە، بەڵام ئێستا میدیای ئەلیکترۆنی هەیە، پێویستە یاساکە هەموو پێشکەوتنەکانی تەکنەلۆژیا لەخۆ بگرێت.