سەرۆکی ڕێکخراوی هانای ئاژەڵان: چەندان ساڵە گرفتی کۆکردنەوەی سەگی بێلانە هەیە

K24 - هەولێر
سەرۆکی ڕێکخراوی هانای ئاژەڵان ڕایگەیاند، دەمانەوێت هەموو تاکێکی کۆمەڵگە بزانێت، ئێمە لەگەڵ ئەوەدا نین سەگی بێلانە بکەوێتە سەر شەقام و ناو کۆڵانەکان، ئێمە دەڵێین ڕێگە دروستەکە بەکاربێت، چەندین ساڵە گرفتی کۆکردنەوەی سەگی بێلانە هەیە.
ئەمڕۆ شەممە، 4ـی ئایاری 2024، شادیە عەلی، سەرۆکی ڕێکخراوی هانای ئاژەڵان لە میانی گەشتێکی هەواڵی کوردستان24 ڕایگەیاند، حەز دەکەین هەموو تاکێکی کۆمەڵگا ئەوە بزانن، ئێمە لەگەڵ ئەوەدا نین سەگی بێلانە بکەوێتە سەر شەقام و ناو کۆڵانەکان، ئێمە دەڵێین ڕێگە دروستەکە بەکار بێت، ئەویش تەنیا نەزۆککردنی ئەو سەگانەیە، نەک ئەوەی کە هەموویان کۆبکرێنەوە لەو دیو دیوارێکدا کە ئەنجامەکەی لەناوچوونیانە بە بەرچاوی خۆمانەوە.
بە گوتەی ئەو سەرۆکی ڕێکخراوە، "لە هەرێمی کوردستان پەناگە بە شێوەیەکی ستاندارد دروست نەبووە. ئەوە کاری شارەوانیش نییە، دەبێت سەرەتا حکوومەت بودجەیەکی تایبەت بەو بوارە دابین بکات. کەبووتە هۆی کێشە و گرفتی هاووڵاتییان پێویستە حکوومەت چارەی بکات، لە دوای حکوومەت ڤێتەرنەری بەرپرسی یەکەمە لەم کارەدا، دوای ئەوەی بودجەکە دابینکراو ڤێتەرنەری هاتە خەت، ئەوکاتە بەپێی ئەزموون و شارەزایی ئەتوانن ڕێکخراوەکان بەشداربن و کەسی شارەزا بێننە ناو بووارەکە بۆ چارەکردنی ئەم گرفتە".
شادییە عەلی گوتیشی: "گرفتی کۆکردنەوەی ئەو سەگە بێلانانە بۆ چەندین ساڵە هەیە، بۆ نموونە لە سلێمانی چوارساڵە ئەو سەگانە کۆ دەکرێنەوە، بەڵام هیچ ئاسەوارێکی کۆکردنەوەی پێوە دیار نییە، لە هەولێریش بەهەمان شێوەیە، بەوە نییە کە تۆ سەگەکان کۆبکەیتەوە و لە بە دیوار دەور بدرێن برسی و تینوویان بکەیت؛ چونکە تۆ ناتوانی ئیدارە ئەو هەموو سەگە بدەی".