ئارسێناڵ ڕێز لەو منداڵە هاندەرەی دەگرێت کە لە ڕێگەی قوتابخانە کوژرا
هەفتەی ڕابردوو لە باکووری ڕۆژهەڵاتی لەندەن لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە هێرش کرایە سەر دانیال ئەنجورین و کوژرا. ئەم ڕووداوەش کاردانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا هێناوە.
ئەو مێردمنداڵە لە کاتێکدا لەلایەن ئەو کەسانە کوژراوە، تەمەنی تەنها 14 ساڵە و لە ڕێگەی قۆتابخانە بووە. خێزان و مامۆستاکانی ئەنجۆرین بە منداڵێکی زۆر زیرەک و ڕووخۆش وەسفی دەکەن و زۆر حەزیشی لە تۆپی پێ بووە و هاندەرێکی سەرسەختی یانەی ئارسێناڵ بووە.
لەمبارەیەوە یانەی ئارسێناڵ بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لە یارییەکەی ئەمڕۆ بەرامبەر بۆرنمۆس لە گەڕی 36ـی پرێمەرلیگ، لە مەڕاسیمێکدا ڕێز لە دانیال ئەنجورینی هاندەری یانەکەیان دەگرن. لە هەمان کاتدا تۆپ هاوێژەکان پشتیوانی خۆیان بۆ بنەماڵەی منداڵە قوربانییەکە ڕاگەیاند و ئیدانەی ئەو کارە قیزەونە بەرامبەر بە منداڵەکە دەکەن.
ئەمڕۆ کاتژمێر 14:30 خولەک بە کاتی هەولێر، ئارسێناڵ لە گەڕی 36ـی پرێمەرلیگ و لە یاریگای خۆی، ڕووبەڕووی بۆرنمۆس دەبێتەوە، گەنەرز پێش ئەم یارییە بە کۆکردنەوەی 80 خاڵ و بە جیاوازی یەک خاڵ و بە یارییەک زیاتر، لە پلەی یەکەمی ڕیزبەندی پێش مانچێستەر سیتی دووەم دێت.