کەس ئامادە نییە ببێتە ڕاهێنەری بایرن میونشن!

بایرن میونشن
بایرن میونشن

توماس توخێل، ڕاهێنەری ئەڵمانی یانەی بایرن میونشن، کۆتایی ئەم وەرزە بە یەکجاریی واز لە پۆستەکەی دێنێت، بۆیە بەرپرسانی یانەکە بە دوای شوێنگرەوەیدا دەگەڕێن، بەڵام تاوەکو ئەم ساتە چوار ڕاهێنەر داواکاری ئەو یانەیان ڕەت کردووەتەوە.

یانەکەی هەرێمی باڤارییا سەرەتا چابی ئاڵۆنسۆ راهێنەری ئیسپانی یانەی بایەرلیڤەرکۆزنیان کردە ئامانج، بەڵام هەر زوو ئەو راهێنەرە دەنگۆکانی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند ئامادەنیە واز لە ڕاهێنەرایەتی یانەکەی بێنێت. دوای بێهیوییان لەو ڕاهێنەرە، ئەمجارە بەرپرسانی بایرن میونشن ناچار بوون پەنا بۆ جولیان ناگیلسمان، ڕاهێنەری پێشووی یانەکەیان و ئێستای هەڵبژاردەی وڵاتەکەیان ببەن، بەڵام ئەو ڕاهێنەرەش بە هەمان شێوە داواکارییەکەی ڕەت کردەوە.

گەڕان بە دوای شوێنگرەوەی توخێل بەردەوامە و یانە باڤارییەکە ئەمجارەیان هانای بۆ ڕالف ڕانگنیک ڕاهێنەری نەمسایی برد، بەڵام ئەمەشیان هاوشێوەی دوو ڕاهێنەرەکەی دیکە، ئامادەنیە نەبوو بەدەم داواکارییەکەی بایرنەوە بێت و ئەمیش ڕەتی کردەوە ببێتە ڕاهێنەری خاوەنی زۆرترین ناسناوی خولی ئەڵمانیا.

ڕۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانی بڵاوی کردەوە بەرپرسانی یانەی بایرن میونشن ئەمجارەیان پلانیاندانا بۆ ئەوەی رۆبێرتۆ دێ زیربی، راهێنەری ئیتاڵی یانەی برایتنی ئینگڵتەرا رازی بکەن، وەرزی داهاتوو لە شوێنی توخێل ئەرکی راهێنەرایەتی یانەکەیان بگرێتە ئەستۆ، بەڵام ئەو راهێنەرەش لە دوایین دەرکەوتنی ڕایگەیاندووە، خۆشەویستیەکی زۆری بۆ یانەکەی هەیە و ئامادەنیە واز لە پۆستی ڕاهێنەرایەتیەکەی بێنێت.

بەم شێوەیە ڕۆژ لە دوای رۆژ بەرپرسانی بایرن میونشن بێ هیوا دەبن و دەنگۆیەکیش هەیە، هەوڵ بۆ ڕازیکردنی توماس توخێل ڕاهێنەری یانەکەیان بدەن، بۆ ئەوەی لەسەر پۆستەکەی بەردەوام بێت.