سەباح سوبحی: حکوومەتی عێراق لە پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، خەمساردە

سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق
سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر

ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، حکوومەتی عێراق کەمتەرخەمە لە دووبارە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا. ئاماژە بەوەش دەدات، حکوومەتی تورکیا داوای 25 ملیۆن دۆلار قەرەبووی وەستانی هەناردنی نەوتەکە دەکات.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ، هەنگاوی نوێ بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەگرنەبەر و بۆ ئەو مەبەستەش دوو لێژنە پێک دەهێنن.

ئەو دوو لیژنەیەی پێک هێنراون، دەیانەوێت میکانیزمەکانی هەناردەکردنەوەی نەوت تاوتوێ بکەن و بگەنە لێکگەیشتنێکی هاوبەش لەڕووی تەکنیکییەوە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت.

لەوبارەوە ئەمڕۆ شەممە، 04-05-2024، سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "تاوەکو ئێستا هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر تێچووی دەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان   ڕێکنەکەوتون و گفتوگۆکان بۆ چارەکردنی کێشەکە بەردەوامن".  

سەباح سوبحی گوتی، "لە یاسای بودجەی عێراقدا، شەش دۆلار بۆ دەرهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت لە هەرێمی کوردستان دیاری کراوە، ئەم بڕە پارەیەش زۆر کەمە؛ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانیش داوایان کردووە ئەو بڕە پارەیە بۆ نزیکەی 26 دۆلار بەرز بکرێتەوە".

بە گوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق، "حکوومەتی تورکیا داوای 25 ملیۆن دۆلار وەکو قەرەبووی ڕاوەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان لە حکوومەتی عێراق دەکات".

وەکو ئەوەی سەباح سوبحی باسی کرد، "حکوومەتی عێراق کەمتەرخەمە لە دووبارە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا. کۆمپانیاکان لەسەر ئاستی نێودەڵەتی هەوڵ بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەدەن، بەڵام حکوومەتی فیدراڵی زۆر جیددی نییە".

ئەمە لەکاتێکدایە زیاتر لە 13 مانگە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕاگیراوە و تا ئیستا بەهۆی ئەو ڕاگرتنەوە زیانی زیاتر لە 14 ملیار دۆلار بە عێراق گەیشتووە.