هەولێر 65 رۆژە نەیبردووەتەوە
یانەی هەولێر ئەمڕۆ لە بەردەوامی گەڕی 26 لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، لە یاریگای شەهید فەرەنسۆ هەریری و لەبەردەم هاندەرەکانی میوانداری مینا دەکات.
یانەکەی قەڵا و منارە ماوەیەکی زۆرە لە خولەکە تامی بردنەوەی نەکردووە، دوایین بردنەوەیان لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بەرامبەر ئەمانەی بەغدا بووە، لە رۆژی 29/2/2024 کە دەکاتە 65 رۆژ لەمەوبەر. هەروەها یانەکەی پایتەختی هەرێمی کوردستان لەو ماوەیە 7 یاریی کردووە و لە 4 یاریی دۆڕاوە و لە 3 یاریش یەکسانبووە.
هەولێر ئەم وەرزە بارودۆخی لە مەترسیدایەوە، ئەو یانەیە بە کۆکردنەوەی 23 خاڵ لە پلەی 16 ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێت، واتە جیاوازی لەگەڵ تیپی دابەزین تەنها 5 خاڵە. بۆیە بە تایبەت ئەو یارییانەی لە یاریگای خۆیانە، پێویستی زۆریان بە سێ خاڵەکان هەیە.
بۆ ئەم یارییە هەولێر لە تواناکانی یاسین یاسمیە هێرشبەری سووری یانەکەی بێ بەش دەبێت، ئەو یاریزانە بەهۆی ئەنجامدانی نەشتەرگەری ئەژنۆی ماوەیەک لە یاریگاکان دادەبڕێت، هەروەها گومان لە بەشداری کردنی هێلیۆی بەرگریکاری بەڕازیلیش دەکرێت. لە بەرامبەردا سەرجەم یاریزانەکانی دیکە ئامادەن.
یانەی هەولێر ئەم وەرزە 12 یاریی لە یاریگای خۆی بەرامبەر رکابەرەکانی کردووە و تەنها سێ یارییان بردووەتەوە، لە بەرامبەردا پێنج یارییان دۆڕاندووە، هەروەها دوایین دوو یاریشیان لە یاریگای خۆیان، بەرامبەر قاسم و شوڕتە دۆڕاندووە.
هەردوو یانەی هەولێر و مینا 23 یارییان لە خولەکی عێراق بەرامبەر یەکتری کردووە، هەولێر 11 یاریی براوە بووە و لە بەرامبەردا تەنها دوو یارییان بەرامبەر رکابەرەکەیان دۆڕاندووە. هەروەها نوێنەرەکەی هەرێمی کوردستان زیاتر لە سێ ساڵە بەرامبەر مینا نەدۆڕاوە.