دهۆک 65 رۆژە نەدۆڕاوە

یانەی دهۆک
یانەی دهۆک

یانەی دهۆک لە بەردەوامی گەڕی 26 خولی ئەستێرەکانی عێراق، ئەمڕۆ کاتژمێر 18:00 لە یاریگای خۆی و لە بەردەم هاندەرەکانی میوانداری حدود دەکات.

دهۆک ئەم وەرزە ئاست و ئەنجامەکانی باشن و ئەو یانەیە کێبڕکێی لەسەر پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی دەکات، بۆیە ئامانجیانە ئەو یارییانەی لە یاریگای خۆیان ماویانە، بە بردنەوەی چۆڵی بکەن.

لەوەتەی دۆڕانەکەی بەرامبەر مینا لە رۆژی 29/2/2024 یانەی دهۆک هیچ یارییەکی دیکەی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق نەدۆڕاندووە، کە دەکاتە 65 رۆژە. لەو کاتەوەش هەشت یارییان کردووە و لە دوو یاریی براوە بوینە و لە شەش یاریش یەکسانبوینە.

ئەم وەرزە بە گشتی یانەی دهۆک لە کۆی 25 یاریی، خاوەنی 10 بردنەوە و 6 دۆڕان و 9 یەکسانبوونن و بە کۆکردنەوەی 39 خاڵ لە پلەی شەشەمی ریزبەندی دێت، بە بردنەوەیان لە یاریی ئەمڕۆ پارێزگاری لە پێگەکەیان دەکەن، بە پێچەوانە لە ئەگەری دۆڕان یاخود یەکسانبوون، ئەو کات پێگەکەیان رەنگە لەدەست بدەن.

هەردوو یانەی دهۆک و حدود لە مێژوودا 11 یارییان بەرامبەر یەکتری کردووە و دهۆک لە 6 یاریی بردنەوەی بەدەستهێناوە و لە 3 یاریش دۆڕاوە و دوو یاریی نێوانیشیان بە یەکسانبوون کۆتایی هاتووە.