هانی ئەلکوردی: دەمانەوێت کەرتی دڵنیایی لە هەرێمی کوردستان پێش بخەین

K24- هەولێر
لەچوارچێوەی کۆنفرانسی دڵنیایی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە لە هەولێر بەڕێوە دەچێت، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیایەکی دڵنیایی ئوردن دەڵێت، هاتووین هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکەین لە پێشخستنی کەرتی دڵنیایی.
ئەمڕۆ یەک شەممە(5 ی ئاداری 2024)، هانی ئەلکوردی، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیایەکی دڵنیایی ئوردن بە کوردستان 24 ی ڕاگەیاند، بەرێوەچوونی کۆنفرانسی دڵنیایی وەزارەتی دارای و ئابووریی هەنگاوێکی گرنگە بۆ کوردستان، کاریگەری دەبێت لەسەر کەرتی دڵنیایی.
هانی ئەلکوردی گوتی: لە ئوردن و وڵاتانی ناوچەکە، بابەتی دڵنیایی زۆر پێشکەوتووە، خەریکە لە هەرێمی کوردستانیش ئەو بابەتە بەرەو پێشەوە دەچێت، پێی وابوو هەرێمی کوردستان دەتوانێت سوود لە ئەزموونی ڕاهێنەرە ئوردنییەکان وەربگرێت، بەتایبەتی کە کەرتی دڵنیایی لە ئوردن زۆر پێشکەوتووە و ئەزموونی زۆری هەیە لە بواری دڵنیایی، ئەلکوردی گوتی: وەک کۆمپانیایەکی دڵنیایی ئوردنی، ئامادەین لە بواری دڵنیایی ئەزموون بە هەرێمی کوردستان بدەین، لەگەڵ ئەوەی ماوەی نزیکەی پێنج ساڵە ڕاهێنانیان بە فەرمانبەرانی کۆمپانیاکانی دڵنیایی لە هەرێمی کوردستان کردووە، نیازی کۆمپانیاکەی نیشاندا بۆ بەشداری لە پەرەپێدانی کەرتی دڵنیایی لە هەرێمی کوردستان.
لەبارەی ئەو ئالنگارییانەی دێنە بەردەم پرۆژەی کەرتی دڵنیایی، هانی ئەلکوردی پێی وابوو، ئالنگاریی سەرەکی نەبوونی هۆشیاریی دڵنیاییە و پێویستە هۆشیاری بە هاووڵاتیان بدرێت لەبارەی کەرتی دڵنیایی.