ئۆنای ئێمرێ بۆچی ئامادە نەبوو ببێتە راهێنەری بایرن میونشن؟

ئۆنای ئێمری راهێنەری یانەی ئاستۆن ڤیلا
ئۆنای ئێمری راهێنەری یانەی ئاستۆن ڤیلا

ئۆنای ئێمری راهێنەری ئیسپانی بەم دواییە گرێبەستەکەی لەگەڵ ئەستۆن ڤێلا تا ساڵی 2027درێژکردەوە، تا چەند هەفتەیەک لەمەوبەر بە یەکێک لە بژاردەکانی بایرن میونشن دادەنرا بۆ وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی ئەو یانەیە، بەڵام دواجار ئامادەنەبوو راهێنەرایەتی ئەو یانەیە بکات.

رۆژنامەی وەرزشی بیڵدی ئەڵمانی بڵاویکردەوە، سەرەڕای ئەوەی کارگێری یانەکەی هەرێمی باڤارییا، بەم دواییە پەیوەندیان بە راهێنەرە ئیسپانیەکەوە کرد، بۆ وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی یانەکەیان لە شوێنی توماس توخێل، بەڵام راهێنەرەکەی یانەی ئاستۆن ڤیلا هەرگیز حەزی خۆی بۆ داواکارییەکە پیشان نەدا.

ئۆنای ئێمرێ هاوشێوەی ڕاهێنەرە ئیسپانییەکانی دیکە حەز دەکات دەسەڵاتی تەواوی هەبێت، لە هەمان کاتدا خۆی هاریکارەکانی دیاری بکات. هەردوو بابەتی ئاماژەپێکراو لە یانەیەکی وەک بایرن میونشندا بێمانایە و راهێنەری یانەکە دەبێت بە تەواوی ملکەچی خواست و بڕیاری بەڕێوەبەرانی یانەکە بێت.

هۆکارێکی دیکە کە وایکرد ئێمرێ ئامادە نەبێت ببێتە ڕاهێنەری یانەی بایرن میونشن، زیادەڕەوی لە لێدوانی بەرپرسانی یانەکەیە لە میدیاکانەوە. لەبەر ئەوەی بەرپرسانی ئەو یانەیە بەردەوام کێشە نێوخۆییەکان لە میدیاکان باس دەکەن، ئەمەش لەسەر خواستی هیچ راهێنەرێک نیە.