ئەوین جەزا: متمانە لەنێوان کۆمپانیاکانی دڵنیایی و هاووڵاتیان دروستبووە

ئەوین جەزا
ئەوین جەزا

K24- هەولێر

بەرێوەبەری جێبەجێکاری یەک لە کۆمپانیاکانی دڵنیایی لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، هۆشیاری خەڵک بۆ دڵنیایی زیادی کردووە، ئەوەش لە ئەنجامی ئەو دڵنیاییەی کە لەنێوان کۆمپانیاکانی دڵنیایی و هاووڵاتیان دروستبوو.

ئەمڕۆ یەک شەممە(5ی ئایاری 2024)، ئەوین جەزا، بەڕێوەبەری یەک لە کۆمپانیاکانی دڵنیایی هەرێمی کوردستان بۆ کوردستان24 گوتی، کۆمپانیاکانی دڵنیایی کاری دڵنیایی گشتیی دەکەن جگە لە دڵنیایی ژیان.

لەوانەش، دڵنیایی کار و سامان و ماڵ،  لەگەڵ دڵنیایی ئۆتۆمبێڵ و خانوو و تەندروستیی بۆ تاک و خێزان.

ئەوین جەزا دەڵێت: هەموو کەسێک دەتوانێت دڵنیایی بکات، ئەگەر مووچەخۆر بێت یا مووچەخۆر نەبێت، تاک و کۆمپانیا و خاوەن کار و ڕێکخراوەکان دەتوانن دڵنیایی بکەن.

بەرێوەبەری ئەو کۆمپانیایە ئاشکرای کرد، بە نموونە کەسێک  داهاتی سنووردار بێت، کە دڵنیایی لە بواری تەندروستی دەکات، بۆ هەموو خەرجییەکی تەندروستی، کۆمپانیای دڵنیایی دەیگرێتە ئەستۆی خۆی تێچووەکەی هەرچەند بێت.

ئەو بەڕێوەبەرە دەشڵێت: هەندێک جار کە ڕووداوێکی ئۆتۆمبێل ڕوو نادات، یاخود ئەو کەسەی دڵنیایی کردووە نەخۆش ناکەوێت، بڕی پارەی دڵنیایی بۆ ساڵی داهاتوو کەم دەکرێتەوە، بەڵام ڕێژەی پارەی قەرەبووەکە وەک خۆی دەبێت و ناگۆڕێت.

ئەوین جەزا پێی وابوو، هۆشیاریی خەڵک بۆ دڵنیایی باشبووە و متمانە لەنێوان هاووڵاتیان و کۆمپانیاکان دروست بووە.