'' ترسم لە چوونی ڤان دایک بۆ ریاڵ مەدرید هەیە ''

ڤێرجیل ڤان دایک بەرگریکاری یانەی لیڤەرپوول
ڤێرجیل ڤان دایک بەرگریکاری یانەی لیڤەرپوول

گرام سۆنس ئەفسانەی پێشووی یانەی لیڤەرپوولی ئینگتەڕا نایشارێتەوە ترسی لەوە هەیە وەرزەکانی داهاتوو، ڤێرجیل ڤان دایک بەرگریکاری هۆڵەندی یانەکەیان پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانیاوە بکات.

لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ماڵپەری Liverpool Echo لەبارەی چارەنوسی ڤێرجیل ڤان دایک بەرگریکاری هۆڵەندی یانەکەیان گووتی '' ڤان دایک لە کۆتاییەکانی گرێبەستەکەیدایە و ئەمەش نیگەرانم دەکات، لە مانگی تەمموزدا تەمەنی دەبێتە 33 ساڵ و ئەگەر بەڕێوەبەرەکەی پەیوەندی بە بەڕێوەبەری وەرزشی یانەی ڕیال مەدریدەوە بکات، ئەوا گرێبەستی لەگەڵ دەکەن. دەترسم لە کۆتاییدا ئەمە ڕووبدات، ئەم ماوەیە هەست پێدەکەم بەرگریکارە هۆڵەندییەکە لە هەموو کاتێک نیگەرانترە ''.

ئەفسانەکەی پێشووی یانەی لیڤەرپوول باس لە هۆکاری ترسەکەی دەکات و دەڵێت '' من بۆیە ئەو قسانە دەکەم، پێموایە راهێنەری داهاتووی لیڤەرپوول ئەستەمە بتوانێت ڤان دایک رازی بە مانەوە بکات، ئەگەر سەیری لێدوانەکانی ئەم دواییەی یاریزانەکەش بکەین، بە روونی پێمان دەڵێت دوای چوونی یۆرگێن کلۆپ، داهاتووی ئەویش ناروون دەبێت ''.

ڤێرجیل ڤان دایک لە ساڵی 2018 بەرامبەر 84 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە لیڤەرپوول کرد و هاوینی ساڵی 2025 گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی کۆتایی دێت و تاوەکو ئێستاش چارەنوسی یەکلایی نەکردووەتەوە.