موعین کازمی بۆ کوردستان24: هۆکاری دواکەوتنی ناردنی مووچە نەبوونی نەختینەیە

موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق
موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر:

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق تایبەت بە کوردستان24 ڕایگەیاند، هۆکاری دواکەوتنی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەبوونی نەختینەیە لە وەزارەتی دارایی عێراق و بەهۆی ئەو کێشەیەوە مووچەی مانگی نیسانی بەشێک لە فەرمانبەرانی عێراقیش دواکەوتووە.

ماوەی دوو هەفتەیە، لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە تەواوی وردەکارییەکان و لیستی تەرازووی پێداچوونەوە، ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کراوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا پارە بۆ مووچە ڕەوانە نەکراوە.

موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: بەربەستی ناردنی مووچەی فەرمانبەران کێشەی نەختینە بووە لە وەزارەتی دارایی عێراق و ئەمەش وایکردووە بۆ مانگی نیسان مووچەی فەرمانبەرانی عێراقیش دوابکەوێت، بەڵام ئێستا کێشەکە چارەسەرکراوە و لەم هەفتەیەدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕەوانە دەکرێت.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی گوتیشی: "هۆکاری نەناردنی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ بوونی کێشەی نەختینە لە وەزارەتی دارایی عیراق، پێشبینی دەکەین ئەم کێشەیە لەنێوان وەزارەتی دارایی عێراق و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان چارەسەر بێت".

گفتوگۆکان بۆ بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران بەردەوامن و بانکی بازرگانی عێراقی ناسراو بە "تی بی ئای" لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆدان بۆ چۆنێتی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران، تاوەکو ئەو پرۆسەیەش کۆتایی دێت، وەزارەتی دارایی فیدراڵ مانگانە مووچەی مووچەخۆران ڕەوانەی هەرێمی کوردستان دەکات.

لەلایەن خۆیەوە، خەلیل دۆسکی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوەکرد: لەسەر بنەمای بڕیاری دادگای فیدراڵی دەبێت تاوەکوو پرسی تەوتینی مووچە یەکلایی دەکرێتەوە، وەزارەتی دارایی فیدراڵ لەسەر ناردنی مووچە بەردەوام دەبێت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، هیچ کۆسێک لە بەردەم ناردنی مووچەی مانگی نیسان نەماوە و بڕیارە لەم هەفتەیەدا، وەزارەتی دارایی فیدراڵ پارەی پێویست بۆ دابەشکردنی مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بخاتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.