بریکاری وەزارەتی تەندروستی: دڵنیایی هۆکارێکی سەرەکییە بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری تەندروستی بە هاووڵاتیان
K24 – هەولێر
بریکاری وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ، دڵنیایی تەندروستی هۆکارێکی سەرەکییە بۆ دەستەبەرکردن یاخود گەیاندنی خزمەتگوزاریی تەندروستیی بۆ تاک بەتاکی هاووڵاتیانی.
د. ڕەهێل فەرەیدون، بریکاری وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دڵنیایی تەندروستی هۆکارێکی سەرەکییە بۆ دەستەبەرکردن یاخود گەیاندنی خزمەتگوزاریی تەندروستیی بۆ تاک بەتاکی هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە.
ڕەهێل فەرەیدون باسی لەوەشکرد، گرنگی دڵنیایی تەندروستی لەوەدایە کە هاووڵاتییەکی کەم دەرامەت هاوشێوەی هاووڵاتییەکی دەرامەت بەرزتر لەناو سیستەمی تەندروستی وەکو یەک خزمەتگوزاری پێدەگەینێرێت.
دەشڵیت: ئێمە بیمەی تەندروستیمان نییە، بەڵام ئەگەر بیمەی تەندروستیمان هەبووایە هاووڵاتییەکی کەم دەرامەت ناچێت نۆرە بگرێت تاوەکو قەرەوێلەیەکی لە چاودێری چڕ بەرکەوێت، گوتیشی: کەمترین پارە بۆ بیمەی تەندروستی وەربگیرێت لە 1% واتە ئەگەر مانگانە ملیۆنێک دینارت هەبێت 10 هەزار دینار ئەدەیتە بیمەی تەندروستی، ئەمەش تەنیا بۆ مووچەخۆران نییە بەڵکو بۆ هەموو کەسێکە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە لە 10 ساڵی ڕابردوودا کارمان لەسەر ڕەشنووسی یاساکە کردووە، هەوڵمانداوە ڕەشنووسەکە لەگەڵ ئەوەی بەغدا هاوتەریب بێت، چونکە کۆمەڵگەی عێراقی و کوردی یەک کەلتوورە. مەبەستم لە کەلتوور ئاستی ڕۆشنبیرییە دەربارەی بیمەکە.
بریکاری وەزارەتی تەندروستی باسی لە پەتای خوێنبەربوون کرد، کە لەسلێمانی بڵاوبووەتەوە و گوتی: پەتای خوێنبەربوون وەکو هەندێک لە پەتاکانی دیکەیە، ساڵانە یاخود چەند ساڵ جارێک دووبارە ئەبێتەوە، چۆن پەتای کۆلێرا پار و پێرار بڵاوبوویەوە، کە سەرەتا لەدەرەوەی سلێمانی بوو دواتر هاتە ناوسلێمانی، پەتای خوێنبەربوونەکەش بەهەمان شێوەبوو، ئێمە لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی وەزارەتی تەندروستیەوە ڕێنمایی خۆپارێزی بڵاودەکەینەوە.
دەشلێت: ئەو نەخۆشانەی تائێستا تووشی نەخۆشی پەتای خوێنبەربوون بوون، تائێستا حاڵەتی مەترسیدارمان نییە.
ڕۆژی یەکشەممە، 05-05-2024، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پشتگیریی و پەرەپێدانی کەرتی دڵنیایی، یەکەمین کۆنفرانسی دڵنیایی لە هەولێر بەڕێوە چوو. ئامانج لە پێشخستنی کەرتەکە، پشتیوانیی و مسۆگەرکردنی قەرەبووکردنەوەی زیانەکان و ڕەخسانی هەلی کارە.