لە کۆنفرانسی دڵنیایی گرنگیی و بایەخەکانی کەرتەکە بۆ هاووڵاتییان ڕوون دەکرێتەوە

یەکێک لە پانێڵەکانی یەکەمین کۆنفرانسی دڵنیایی لە هەرێمی کوردستان
یەکێک لە پانێڵەکانی یەکەمین کۆنفرانسی دڵنیایی لە هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر

بۆ یەکەم جارە لە هەرێمی کوردستان کۆنفرانسی کەرتی دڵنیایی بەڕێوە دەچێت، لە کۆنفرانسەکەدا گفتوگۆ لەبارەی بیمەی دڵنیایی و بایەخەکانی دەکرێت بۆ ئەوەی هاوتای وڵاتان و کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان، هاووڵاییانی هەرێمی کوردستانیش بتوانن بە خۆتۆمارکردن و بەشداریی لە دڵنیایی ماڵ و موڵک خۆیان لە زیانی ڕووداوەکان بپارێزن.

یەکەمین کۆنفرانسی کەرتی دڵنیایە لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت کە تایبەتە بە ئاشناکردن و شیکردنەوەی ناوەرۆکی دڵنیایی بۆ هاووڵاتییان، ئەجێندایەکی سەرەکیی کۆنفرانسەکە تیشک خستنە سەر گرنگی پێویستی ئەم کەرتەیە بۆ هەرێمی کوردستان.

جەمیل ئەبوبەکر بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری دڵنیایی لە بارەی کۆنفرانسەکە و پرسی دڵنیایی بۆ کوردستان24 گوتی "ئەگەر ڕوسوماتێک لە هاووڵاتییان وەردەگیرێت %100 لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییە و مەبەستی ئەم کۆنفرانسەش بۆ ئەوەیە هاووڵاتییان تێ بگەن کە ئەوەی دەکرێت لەبەرژەوەندی ئەوانە نەک بەرژەوەندیی حکوومەت و کۆمپانیا، چونکە چەند جۆرێکی دڵنیایی هەیە، لەوانە هەر بۆ ئۆتۆمبێل چەند جۆرێکی دڵنیایی هەیە، لەوانە دڵنیایی بۆ ڕووداوی هاتووچۆ، دڵنیایی بۆ کەوتنە نێو لافاو، دڵنیایی لە حاڵەتی دزرانی ئۆتۆمبێلەکە یان لێدان لە کەسێک، چەندین جۆری دیکەی دڵنیایی هەن".

لە هەرێمی کوردستان 17 کۆمپانیای دڵنیایی هەیە لەو ژمارەیەش 8 کۆمپانیای ناوخۆیین، کۆمپانیاکان لە ڕێگەی گرێبەستێکەوە ئەو کەسەی دڵنیایی بۆ خۆی یاخوود ماڵ و ئۆتۆمبێل یان هەر شتێکی دیکە دەکات، دڵنیا دەکەن؛ لە بەرامبەریشدا کۆمپانیاکە بەرپرسە لە قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەی کە تووشی خاوەنەکەی دەبێت.

ئەزیتا خۆشمێر - جێبەجێکاری دڵنیایی لە کۆمپانیا بۆ کوردستان24 گوتی "ئێمە لە هەموو بوارەکان دڵنیایی دەدەین، وەک دڵنیاییەکانی گەشتکردن، تەندروستی، پیشەسازی، بیناسازیی و چەندین جۆری دیکەی دڵنیایی. بە دڵنیایی مرۆڤ دەتوانێت خۆی لە نیگەرانیی و دڵەڕاوکێ  ڕزگار بکات و لە حاڵەتی هەر ڕووداوێک دەتوانێت زیان پێگەیشتوو قەرەبووی ماددی وەرگرێتەوە".

لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 280 هەزار هاووڵاتی دڵنیایی بۆ خۆیان یاخوود بۆ کەلوپەلەکانیان کراوە، بەڵام نزیکی %80 لە ڕێگەی ئەو کۆمپانیایەوە دڵنیایی بۆ کراوە کە کاری تێدا دەکات.

 تەنیا لە ماوەی ساڵێکدا زیاتر لە 10 ملیار دینار هاوڵاتیان وەک قەرەبووی ئەو دڵنیایەی کردوویانە لە کۆمپانیاکانی دڵنیایی وەریان گرتووە، لە دوای ئەم کۆنفرانسەوە پێشبینی دەکرێت خەڵکی زیاتر ئاشنای کەرتی دڵنیایی بن .

لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پشتگیریی و پەرەپێدانی کەرتی دڵنیایی؛ یەکەمین کۆنفرانسی دڵنیایی لە هەولێر بەڕێوە دەچێت. ئامانج لە پێشخستنی کەرتەکە، پشتیوانیی و مسۆگەرکردنی قەرەبووکردنەوەی زیانەکان و ڕەخسانی هەلی کارە.

لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێـمی کوردستان بۆ برەودان بە کەرتی دڵنیایی، وەزارەتی دارایی و ئابووری، یەکەمین کۆنفرانسی دڵنیایی بەڕێوە دەبات.

لە درێژەی گەشەکردنی بازاڕی دڵنیایی لە هەرێمی کوردستان هەشت کۆمپانیایی خۆماڵیی کوردستانی و لقی دوو کۆمپانیایی سەر بە وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ و شەش کۆمپانیای کەرتی تایبەتیش لە هەرێمی کوردستان لە بواریی دڵنیاییدا کار دەکەن.

ئامانجی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە برەودان بەم کەرتە دەگەڕێتەوە بۆ پشتیوانیی و مسۆگەرکردنی قەرەبووکردنەوەی هەر زیانێک کە بەر جموجۆڵی بازرگانی، وەربەهێنان و بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستان دەکەوێت.

بۆ ئەوەی زۆرترین کۆمپانیا و براندی جیهانیی بێنە هەرێمی کوردستان و سەرمایەکانیان لە پڕۆژەی جۆراوجۆردا بخەنە وەبەر‌هێنانەوە، وەک چۆن خەڵک و دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بە دڵنیاییەکی زۆرتر و ئارامییەکی باشترەوە، کار و کەسابەت دەکەن.

داهاتی تاک، کۆمەڵگە، کۆمپانیاکان و داهاتی گشتی زیاد دەکات. هاوکات سەرمایەی لایەنی دڵنیاییخواز لە لایەن کۆمپانیاکانی دڵنیاییەوە لە بواری وەبەرهێنان دەخرێتەگەر و ژێرخانێکی باشتری ئابووری دروست دەکات.

ئامانجێکی دیکەی فراوانبوون و کارابوونی کەرتی دڵنیایی بریتییە لە ڕەخساندنی هەلی کار و کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری، ئەمە جگە لەوەی ئەو کێشە کۆمەڵایەتییانەش نامێنن کە لە ئەنجامی نەبوونی کەرتێکی کارای دڵنیایی درووست دەبن.