بێگەرد تاڵەبانی: چوار بەنداوی ستراتیژی لە هەرێمی کوردستان دروست دەکرێن

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

K24- هەولێر

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، لە دیداریان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق، باسی دروستکردنی چوار بەنداوی ستراتیژی و وەرگرتنی گەنمی جووتیارانیان کردووە، سەرۆک وەزیرانی عێراقیش بەڵێنی خێراکردنی رێکارەکانی جێبەجێکردنی ئەو داواکارییانەیان کردووە.

ئەمڕۆ دووشەممە(6ی ئایاری 2024)، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند، لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی سێ خاڵی گرنگیان کردووە کە پەیوەندییان بە  وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی کوردستان بووە هاوشێوەی جووتیارانی ناوچەکانی دیکەی عێراق، لەگەڵ دروستکردنی چوار بەنداوی ستراتیژی کە کاریگەرییان دەبێت لەسەر ئاسایشی ئاو وەکو کۆگا کردنی ئاوی هەموو عێراق، هاوکات پاڵپشتی کردنی جووتیارانی کوردستان هاوشێوەی ئەو پشتیوانییەی لە جووتیارانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت.

لەبارەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، بێگەرد تاڵەبانی گوتی: ساڵانە وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی عێراق بە نادادپەروەری رێژەی گەنمی جووتیارانی کوردستانیان وەردەگرت، دەڵێت کە داوایان لە ئێمە کرد رووبەری زەوی بە گەنم چێندراویان بۆ بنێرین، ئێمەش بە داتا سەتەلایت رووپێویمان بۆ ئەو زەویانە کرد کە ئەمساڵ چێندراون و رووبەرەکەی دوو ملیۆن و 955 هەزار دۆنمە.

وەزیری کشتوکاڵ رایگەیاند، سەرۆک وەزیرانی عێراق تیمی تەکنیکی هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵی ڕاسپارد کۆببنەوە، لە کۆبوونەوەکەش  دیکۆمێنتەکانمان لەبارەی گەنمی جووتیارانی کوردستان پێشکەش کرد، هەرچەند بەغدا دەڵێت توانای سایلۆکانمان بۆ وەرگرتنی گەنم سنووردارە .

وەزیری کشتوکاڵ دەڵێت: ئەگەر عێراق نەتیوانی هەموو گەنمی جووتیارانی کوردستان وەرگرێت، دوو کۆمپانیای تایبەت بە دانەوێڵە لە هەرێمی کوردستان سایلۆی تایبەت دروست دەکەن، لێژنەیەک لە دەستەی وەبەرهێنان کە سەرۆکی  دەستەی وەبەرهێنان سەرۆکایەتی دەکات و نوێنەری وەزارەتە پەیوەندیدارەکان تێیدا ئەندامن، بڕیار لەسەر بەبازاڕکردن ، نرخ و رێژەی گەنمی جووتیاران دەدەن.

بێگەرد تاڵەبانی ئاشکرای کرد، بۆ دروستکردنی چوار بەنداوی ستراتیژی لە هەرێمی کوردستان، دۆسیەیەکیان داوەتە سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەگەڵ ئەوەش راپۆرتێک لە وەزارەتی پلاندانی عێراق بۆ وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو نێردراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی دروستکردنی بەنداوەکان دەست پێ بکات، دەشڵێت: ئێمە داوامان لە سەرۆک وەزیران کرد بڕیار بدات لەسەر خێرا جێبەجێکردنی رێکارەکانی دروستکردنی ئەو بەنداوانە لە کوردستان، بۆیە بڕیاریدا رێکارەکانی خێرا بکرێت، سەرباری ئەوەش، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ چاککردنەوەی بەنداوەکانی دهۆک، دووکان، دەربەندیخان و بەنداوە بچووکەکان، بڕیاریدا کاری جدیی بکات.