هەموو وەرزشوانانی ئێران تووشی شۆک دەبن

خانمە هاندەرەکانی یانەی پێرسپۆلیس
خانمە هاندەرەکانی یانەی پێرسپۆلیس

دوای ئەوەی هاندەرێکی بە ساڵاچووی یانەی سێپاهانی ئێرانی، لە یاریی یانەکەی بەرامبەر پێرسپۆلیس سوکایەتی بە خانمە هاندەرەکانی ئەو یانەیە کرد، فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئێرانی ناچار کرد سزایەکی مێژوویی دەربکات، سزایەک کە لە مێژووی تۆپی پێ نەبووە.

لە دوای شۆڕشی ئیسلامی ئێران ساڵی 1979 بە دواوە، چیدیکە رێگە بە خانمە هاندەرەکانی یانەکانی ئەم وڵاتە نەدرا، لە یارییەکان ئامادەبن و لە یاریگا و لە نزیکەوە هانی یانەکانیان بدەن، ئەمەش هەر لە سەرەتاوە نارەزایەتیەکی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا و دوای نزیکەی 45 ساڵ، ئینجا رێگە بە ئافرەتان درا لە یاریگاکان ئامادەبن.

دوو سێ ساڵە ئەویش بەهۆی فشاری فیفا، فێدراسیۆنی تۆپی پێ ئێران بە ناچاری یاسای قەدەخەی چوونی خانمانی بۆ یاریگاکان هەڵوەشاندەوە و بە رێژەیەکی بەرچاوەیش خانمەکان لە یاریگاکان ئامادە دەبن و هاوشێوەی پیاوەکان هانی یانەکانیان دەدەن.

لەم ماوەیە کەمە بەردەوام هێزی پۆلیسی تایبەت لە یاریگاکان هەبوو، ئەویش بۆ چاودێری کردنی هاندەران، بۆ ئەوەی تێکەڵاوی یەکتری نەبن، بەڵام لە یارییەکەی نێوان پێرسپۆلیس و سێپاهان، لە گەڕی 30 خولی نایابی ئێران، بەهۆی سوکایەتیکردنی هاندەرێکی سێپاهان بەرامبەر خانمێکی پێرسپۆلیس، پێشهاتێکی چاوەڕواننەکراو روویدا.

دوای ئەوەی هاندەرێکی بە تەمەنی یانەی سێپاهان سوکایەتی بە خانمە هاندەرەکانی پێرسپۆلیس کرد، کاردانەوەیەکی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا و ئەو یانەیە لە فێدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکەیان، سکاڵایان لە دژی ئەو هاندەرە تۆمار کرد.

دوای تۆمار کردنی سکاڵاکە، لیژنەی تەمبێکاری لە فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران، سەرەتا بڕیاریدا ئەو هاندەرە بۆ ماوەی 10 ساڵ لە یاریگاکان سڕ بکات، پاشان بڕیاریاندا وەرزی داهاتوو لە هەردوو یاریی نێوان پێرسپۆلیس و سێپاهان، تەنها رێگە بە خانمان بدرێت لەو دوو یارییە لە یاریگا ئامادەبن.
ئەم بڕیارەی فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران دەنگدانەوەیەکی زۆری لە جیهان بە دوای خۆیدا هێناوە، چونکە پێشتر لە هیچ وڵاتێکی جیهان ئەم بڕیارە هاوشێوەی نەبووە، بگرە لە وڵاتە هەرە پێشکەوتووەکانیش هیچ کاتێک ئەمجۆرە بڕیارانە نەبووە.

ئەو هاندەرەی سوکایەتی بە خانمە هاندەرەکانی پێرسپۆلیس کرد
ئەو هاندەرەی سوکایەتی بە خانمە هاندەرەکانی پێرسپۆلیس کرد