یانەی هەولێر محەمەد خۆشناو-ی لە شوێنی وەلید عارەب کرد بە سەرۆکی یانەکەی
دوای ئەنجامە خراپەکانی یانەی هەولێر و بڕیاردان لە دوورخستنەوەی سەرۆك و دەستەی کارگێڕی یانەکە، محەمەد خۆشناو بوو بە سەرۆکی نوێی یانەی وەرزشیی هەولێر.
محەمەد خۆشناو، دوای بوون بە سەرۆکی یانەی هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند: هەموو هەوڵێك دەدەین سەمیر بابۆ، راهێنەری یانەی پێشمەرگەی هەولێر بکەین بە راهێنەری یانەکەمان.
خۆشناو گوتیشی: پەیوەندیمان بە سەمیر بابۆوە کردووە و پێی گوتووین لە ماوەی 24 کاتژمێری داهاتوو وەڵاممتان دەدەمەوە.
لە لایەکی دیکەوە سەمیر بابۆ بە کوردستان24ی راگەیاند: بۆ بوون بە راهێنەری یانەکە، بەرپرسانی یانەی هەولێر پەیوەندییان پێوەکردووم، بەڵام وەڵامی کۆتاییم نەداونەتەوە.
یانەی هەولێر بە دۆخێکی قورسدا تێدەپەڕێت و هەشت یارییە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق نەیبردووەتەوە و بەدەست چەند کێشەیەکەوە دەناڵێنێت.
دوای دۆڕانی یانەی هەولێر بەرامبەر مینا لە یاریگەی فرەنسۆ هەریری، عەبدولقادر حوسێن راهێنەری یانەکە بە کوردستان24ـی رایگەیاند: لە راهێنەرایەتی یانەکە وازیهێناوە و ناگەڕێتەوە یانەی هەولێر، ئەمە لە کاتێکدایە بۆ ئەنجامدانی دوو یاریی بەرامبەر کەرخ و نەفت، یانەی هەولێر بە بێ راهێنەر گەشتی بەغدای کردووە.
ئەمڕۆش لیژنەی رێککاری لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق یانەی هەولێر بە 15 ملیۆن دینار و ئەنجامدانی دوو یاریی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی سزادا، بە بیانووی ئەوەی لە یاریی هەولێر و شورتە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، هاندەرانی هەولێر دەبەی ئاویان هەڵداوەتە یاریگەوە.
بۆ بیرهێنانەوە، کوردستان24 وەك یەکەم دەزگای میدیایی هەواڵی لادانی سەرۆك و دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێری بڵاوکردەوە و یەکەم شوێن بوو ناوی سەرۆکی نوێی یانەی هەولێری ئاشکراکرد.