ئەلێکساندەر نۆڤاک: هیچ گفتوگۆیەک لەبارەی زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت لە ئارادا نییە

ئەلێکساندەر نۆڤاک، جێگری سەرۆک وەزیرانی ڕووسیا
ئەلێکساندەر نۆڤاک، جێگری سەرۆک وەزیرانی ڕووسیا

K24 - هەولێر

ئەلێکساندەر نۆڤاک، جێگری سەرۆک وەزیرانی ڕووسیا ڕایگەیاند، هیچ گفتوگۆیەک لە چوارچێوەی هاوپەیمانی ئۆپێک+ سەبارەت بە زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت لە ئارادا نییە.

لە زاری نۆڤاکەوە، لە بەیاننامەیەکدا حکوومەتی ڕووسیا ڕایگەیاندووە، هیچ گفتوگۆیەک سەبارەت بە زیادکردنی بەرهەمهێنان لەناو ئۆپێک+دا نەکراوە و نییە.

ئۆپێک+ لە کۆتاییەکانی ساڵی 2022ەوە زنجیرەیەک کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی جێبەجێکردووە، ئەویش لە ژێر کاریگەری بەرزبوونەوەی بەرهەمهێنان لە ئەمەریکا و بەرهەمهێنەرانی دیکەی ئەندام نەبوو لە ئۆپێک، ئەوەش لە کاتێکدایە نیگەرانیی خواست لە سەر ئابوورییە گەورەکان، ڕووبەڕووی کاردانەوەی بەرزبوونەوەی ڕێژەی سوود بوونەتەوە.

هاوپەیمانییەکە ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت "ئۆپێک" و بەرهەمهێنەرانی دەرەوەی ئۆپێک بە سەرۆکایەتی ڕووسیا لەخۆدەگرێت، ڕۆژی 1ـی حوزەیران لە ڤیەننا کۆدەبنەوە و سیاسەتی بەرهەمهێنان دیاری دەکەن.

هاوپەیمانی ئۆپێک+ ئێستە بە ڕێژەی 5.86 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرهەمهێنان کەمدەکاتەوە، کە یەکسانە بە نزیکەی 5.7%ـی خواستی جیهانی.

کەمکردنەوەکان بریتین لە 3.66 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە ئەندامانی ئۆپێک+ کە تا کۆتایی ساڵی 2024 کاری پێدەکرێت، هەروەها بڕینی خۆبەخشانە لەلایەن بەشێک لە ئەندامانی 2.2 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا کە لە کۆتایی مانگی حوزەیران کۆتایی دێت.

Fly Erbil Advertisment