بەرپرسێکی ئەمەریکا: ئیدارەی بایدن ناردنی سێ هەزار و 500 بۆمبی بۆ ئیسرائیل ڕاگرت

K24 - هەولێر
بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئیدارەی جۆو بایدن هەفتەی ڕابردوو ناردنی بارێکی چەکی بۆ ئیسرائیل ڕاگرت، ئەمەش وەک ناڕەزایەتییەک بەرانبەر بە هەنگاوەکانی ئیسرائیل بۆ داگیرکردنی شاری ڕەفەح لە باشووری کەرتی غەززە.
بایدن هەوڵدەدات خۆی لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ڕەفەح بەدوور بگرێت، کە سەدان هەزار فەڵەستینی پەنایان بۆ ئەو شارە بردووە، تاوەکو لە شەڕ و پێکدادانەکانی کەرتی غەززە ڕزگاریان بێت.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری ئەو بەرپرسەوە، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاندووە، سەرکردەکانی ئیسرائیل لە ئانوساتی بڕیارداندان لەسەر هێرشکردنە سەر ڕەفەح، بۆیە ئێمە پێداچوونەوەمان کرد بە گواستنەوەی ئەو چەکانەی کە بڕیاربوو بۆ ئیسرائیل بنێدرێت، چونکە ڕەنگە لە هێرشکردنە سەر ڕەفەح بەکاربهێنرێت.
ئەو بەرپرسە گوتیشی: "لە ئەنجامی ئەم پێداچوونەوەیەدا، هەفتەی ڕابردوو بارێکی چەکمان بۆ ئیسرائیل ڕاگرت، کە پێکهاتبوو لە هەزار و 800 بۆمب کە هەریەکەیان کێشی 2 هەزار پاوەنە و هەزار و 700 بۆمبی دیکە کە هەریەکەیان کێشی 500 پاوەن بوو".
ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا بڕیاری کۆتاییمان نەداوە لەسەر چۆنیەتی ناردنی ئەمبارە چەکانە.
چوار سەرچاوە ڕایانگەیاندووە، ناردنی ئەو چەکانە بەلایەنی کەمەوە دوو هەفتە دواکەوتووە، ئەویش بریتین لە تەقەمەنی هێرشی ڕاستەوخۆی هاوبەش کە لەلایەن کۆمپانیای بۆینگەوە دروستکراوە، هەروەها بۆمبی ڕێنمایی کراوی ورد، هەروەها بۆمبی بچووک.
ئەمە لە کاتێکدایە کە واشنتن بە ئاشکرا فشار دەخاتە سەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی هێرشە پلان بۆ داڕێژراوەکەی بۆ سەر ڕەفەح دوابخات تا ئەو کاتەی پلانێک دادەڕێژرێت بۆ دوورکەوتنەوە لە کوشتنی هاووڵاتیانی سڤیل.
دوێنێ سێشەممە، هێزەکانی ئیسرائیل دەستیان بەسەر دەروازەی سەرەکی سنووری نێوان غەززە و میسر لە ڕەفەحدا گرت و ڕێگای گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ ئەو شارە پچڕاند.