محەممەد شوکری: پلانمان هەیە وەبەرهێنەری زیاتر بێنینە هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، : ئیمتیازاتێکی زۆر بۆ ئەو وەبەرهێنەرانە هەیە کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن. هەروەها کۆمپانیاکان تا 10 ساڵ لە باج دەبەخشرێن.

د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، لە سێزدەهەمین دیداری وەبەرهێنانی جیهانی لە ئەبوزەبی گوتی: ئیمتیازاتێکی زۆر بۆ ئەو وەبەرهێنەرانە هەیە کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمپانیاکان تا 10 ساڵ لێبوردنیان لەبواری باج بۆ دەکرێت، هەروەها هەرێمی کوردستان، هەرێمێکی دەوڵەمەندە لە بواری سامانی سروشتیدا، داهاتوویەکی باشی هەیە، چونکە زەوییەکی بەپیت و ئاومان هەیە، هەروەها یاسایی نوێمان بۆ وەبەرهێنان هەیە.

دەشڵێت: هەرێمی کوردستان لە بواری ئابووریدا لەسێکتەری گاز و نەوتدا بوژانەوەیەکی باشی بەخۆیەوە بینیووە، گوتیشی: کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی ناوخۆ، کۆمپانیای گەورەن لە عێراق، وە لە وڵاتانی جیهانیش وەک ئاسیا و ئەوروپا و ئەفریقا و ئەمەریکاش کاردەکەن و شوینپەنجەیان دیارە.

ڕاشیگەیاند، لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنانی جیاواز هەیە، بۆیە وەبەرهێنەرانی بیانی ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، وەک وەبەرهێنەرانی چینی و ئوردنی، پلانیشمان ئەوەیە ژمارەیەکی زیاتر لە وەبەرهێنەرانی بیانی ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکەن.

محەممەد شوکری باسی لەوەشکرد، هەرێمی کوردستان دەرگاکانی بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی کردووەتەوە، ئێمە یەکەی تایبەتمان هەیە بۆ وەبەرهێنەرە بیانییەکان، بۆ ئەوەی ژینگەیەکی ئاسانیان بۆ دابنێین تاوەکو کۆمپانیا بیانییەکان بێن خۆیان تۆمار بکەن، هەروەها ژینگەی یاسایی ئەمنیشتان بۆ دابین دەکەین.

Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل