ریال مەدرید دۆزرەوەی بێلێنگهامی بۆ چاودێری ئەستێرەیەكی بۆندزلیگا راسپارد

جوود بێلینگهام، ئەستێرەی ریاڵ مەدرید
جوود بێلینگهام، ئەستێرەی ریاڵ مەدرید

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی هەوڵەکانی خستووەتەگەڕ بۆ ئەنجامدانی گرێبەستێکی دیکە لەگەڵ ئەستێرەیەکی بۆندزلیگا و چاوەڕێ دەکات لە هاوینی داهاتوو گرێبەستەکەی رابگەیەنێت.

هاوینی رابردوو ریاڵ مەدرید گرێبەستی لەگەڵ جوود بێلینگهامی ئەستێرەی بورووسیا دۆرتمۆند بە بڕی 100 ملیۆن یۆرۆ واژۆکرد و دەیەوێت ئەستێرەکانی یانە ئەڵمانییەکان پەلکێشی مێرینگی بکات.

بە پێی هەواڵێکی رۆژنامەی بێڵدی ئەڵمانی، ریاڵ چاودێری فلۆریان فێرتز، ئەستێرەی دەرکەوتووی یانەی بایەرلیڤەرکوزن دەکات و دەیەوێت لە هاوینی 2025 بیباتە ریزەکانی.

فلۆریان فێرتز ئەستێرەی بایەرلیڤەرکوزن
فلۆریان فێرتز ئەستێرەی بایەرلیڤەرکوزن

 

رۆژنامەکە ئەوەشی نووسیوە، کە یانەکەی پایتەخت فێرتز بە باشترین شوێنگرەوەی تۆنی کرووس-ی ناوڕاستکاری یانەکەی دەزانێت، کە گرێبەستەکەی تا هاوینی 2025ـە.

ریاڵ مەدرید فلیپی مارتین، یەکێك لە دیارترین دۆزەرەوەکانی یاریزانانی راسپاردووە، لە یاریگاکاندا چاودێری یاریزانەکەی بایەرلیڤەرکوزن بکات.

فلیپی مارتین پێشتر چاودێری جوود بێلینگهامی لە بورووسیا دۆرتمۆند دەکرد پێش ئەوەی ریاڵ مەدرید لە هاوینی داهاتوو گرێبەستی لەگەڵ واژۆ بکات.

فلۆریان فێرتز رۆڵێکی کاریگەری هەبوو لە بەدەستهێنانی نازناوی بۆندزلیگا، کە بۆیەکەمجار لە مێژووی خۆیدا یانەی بایەرلیڤەرکوزن بەرزیکردەوە، هەروەها لەگەڵ یانەکە گەیشتوونەتە یاریی کۆتایی جامی ئەڵمانیا و پێش کۆتایی یۆروپالیگ.

بۆ بیرهێنانەوە، فێرتز لەگەڵ بایەرلیڤەرکوزن بەشداری 45 یاریی کردووە و توانیویەتی 18 گۆڵ و 19 ئاسیست بکات.