کۆنفرانسی بانکە عەرەبییەکان بە بەشداریی کۆمەڵێک بانکی عێراقی و عەرەبی بەڕێوەچوو

K24 - هەولێر:

تیشک خستنە سەر کێشەی بانکەکان و دواکەوتوویی عێراق لەم کەرتەدا، یەکێک لە بابەتە گەرمەکانی کۆنفرانسی بانکە عەرەبییەکان بوو، بەشێک لە ئامادەبووان پێشبینیان وابوو، ئەگەر هەیە زۆرێک لە بانکە عێراقییەکان بەهۆی سزاکانی وه‌زاره‌تی گەنجینەی ئەمه‌ریکاوە بۆ هەمیشە ئەو کەرتە بەجێ بهێڵن، بۆیە پێویستە مامەڵەکردن لە داهاتوودا لەگەڵ ئەو بانکانەدا بێت، کە لقی بیانییان لە دەرەوەی وڵاتدا هەیە.

گرفتگەلێکی زۆر لە بەردەم کەرتی بانکی لە ناوچەکە بە گشتی و لە عێراق بە تایبەتیدا هەیە، ڕەنگە دیارترینی ئەو کێشانە جوڵەی پارە بێت لە تاکەکاندا، ئەمەش خۆی لە خۆیدا کێشەیەکە زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکەی گرتووەتەوە، وەک هەندێک لە شارەزایان بۆ مامەڵەکردن بە پارەی کاشی دەگەڕێننەوە و پێیان وایە، ئەستەمە بانکەکان بتوانن کۆنترۆڵی بردنە دەرەوەی پارە کاشەکان بکەن، هەموو ئەمانە و زۆر بابەتی دیکە لە کۆنفرانسی بانکە عەرەبییەکان لە بەغدا گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.

له‌مباره‌یه‌وه‌ دكتۆر خالید وەلید، سەرۆکی جێبەجێکار لە بانکی ئیبداعی بەحرەین ڕایگه‌یاند، لە وڵاتانی پێشکەوتوودا جوڵەی پارەی کاش نزیکە لە نەمان و بەم شێوەیە کۆنترۆڵی حکوومیی لە بانکە ناوەندییەکان لەسەر هاتنە ناوەوە و بردنە دەرەوەی پارەی کڕیاران سنووردار دەکرێت، بەڵام زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبی بەهۆی ئەوەی پایەی ئابووریی وڵاتەکانیان لەسەر بنەمای پارەی کاش راوەستاوە، هێشتا توانای کۆنترۆڵی ئەو کێشەیەیان نییە .

هه‌روه‌ها عەبدولڕەحمان شێخلی، پسپۆڕی ئابووری ده‌ڵێت، بەداخەوە هەندێک لەو بانکانە پابەند نەبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە، بۆیە مامەڵەکردن بە دۆلاریان لێ قەدەغە کرا، ئێمە دەبێت بە بێ سەرپێچیی یاسا نێو دەوڵەتییەکان بانکەکانمان بە نیشتمانی بکەین، بە بۆچوونی من ئەگەر وابکەین ئەوکات زۆرینەی بانکە نایاساییەکان کەرتەکە بەجێ دەهێڵن و تەنها ئەو بانکانە دەمێننەوە کە خاوەن بناغەیەکی پتەو و یاسا نێودەوڵەتییەکان.

Fly Erbil Advertisment