تۆڕی کارەبای عێراق بە سعوودیەوە دەبەسترێتەوە
K24 – هەولێر:
لیژنەی باڵای ئاوەدانكردنەوە و وەبەرهێنانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووە و پڕۆژەی بەستنەوەی تۆڕی كارەبای عێراقی لەگەڵ سعوودیە پەسەند کرد.
ڕۆژی چوارشەممە (8ـی ئایاری 2024) لە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ئاوەدانكردنەوە و وەبەرهێنانی عێراق، چەند پڕۆژەیەکی لە بوارەكانی وزە، پیشەسازی و تەندروستی پەسەند کرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە حەوتەمین کۆبوونەوەکەی لیژنەی باڵای ئاوەدانكردنەوە و وەبەرهێنانی عێراق، پڕۆژەی بەستنەوەی تۆڕی كارەبای عێراقی لەگەڵ سعوودیە پەسەند کراوە. هەروا پرۆژەی کێڵگەی گازی تاجی و پرۆژەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر لە پارێزگای بابل و پرۆژەی دروستکردنی دوو نەخۆشخانە و شارێکی پیشەسازی لە بەسرە و چەند پرۆژەیەکی دیکەش پەسەند کراون.
ڕێککەوتننامەی تایبەت بە بەستنەوەی تۆڕەکانی کارەبا لە 25ـی کانوونی دووەمی 2022، لە نێوان عێراق و سعوودیە مۆر کرا و پێشتر وەزارەتی کارەبای عێراق بڵاوی کردبووەوە، یەكەم ھێلی بەستنەوەی تۆڕی کارەبا لەگەڵ سعوودیە ئاراستەی بەرەو بەسرە دەبێت و نزیكەی 500 مێگاوات كارەبا دابین دەكات، ھێڵی دووەم بەرەو پارێزگای سەماوە دەبێت بە نزیكەی 300 مێگاوات كارەبا دابین دەکات و ئامانجی وەزارەتەکە لەو پرۆژەیە دابینکردنی هەزار مێگاوات کارەبایە لە وێستگەی کارەبای عەرعەری سنوورییەوە.
پرۆژەی بەستنەوەی تۆڕەکانی کارەبای عێراق بە وڵاتانی کەنداو، 280 ملیۆن دۆلار تێچووەکەیەتی و لەلایەن و کوێت و قەتەریشەوە پشتیوانی دارایی دەکرێت و تێچووی عێراق لە کڕینی گاز بە مەبەستی بەرهەمهێنانی کارەبا، کەم دەکاتەوە.