کارەکانی لوتکەی جیهانی وەبەرهێنان لە ئەبوزەبی بە بەشداری هەرێمی کوردستان کۆتایی هات

لوتکەی جیهانی وەبەرهێنان لە ئەبوزەبی
لوتکەی جیهانی وەبەرهێنان لە ئەبوزەبی

K24 – ئەبوزەبی:

لوتکەی جیهانی وەبەرهێنان لە ئەبوزەبی، دوای سێ رۆژ لە چالاکییەکان وەربەرهێنەرانی دەیان وڵاتی دونیا و ئاڵوگۆڕی زانیاری و نیشاندانی دەرفەتی وەبەرهێنان لە وڵاتەکانیان، کۆتایی بەکارەکانی هێنا.

هەرێمی کوردستان لەگەڵ 174 وڵاتی دونیا، بۆ یەکەم جار بەشداری دیدارەکەی کرد و شوێنی تایبەت بە نمایشی دەرفەتەکانی وەبەرهێنانی بۆ دیاریکرابوو، کە 12 هەزار وەبەرهێن و خاوەن کۆمپانیا و بازرگانیی وڵاتی دونیا بەشدارییان کردبوو.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستانیش لە لوتکەکەدا، چەندین دیدار و چاوپێکەوتنی گرنگی لەگەڵ وەزیری ئابووری و وەبەرهێنانی وڵاتانی بەشدار و وەبەرهێنەرە گەورەکان ئەنجامدا و سەرنجیانی بۆ ئەنجامدانی وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکان لە هەرێمی کوردستان ڕاکێشا.

محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند: هاوشێوەی وڵاتانی دیکە لوتکەی جیهانی وەبەرهێنان لە ئەبوزەبی، باسمان لە پرۆسەی وەبەرهێنان و ڕێکارەکانی چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ وەبەرهێنەران و پرۆژەکانی وەبەرهێنان کرد و ڕوونمان کردەوە کە دەرفەتی وەبەرهێنانی باش لە هەرێمی کوردستان هەیە و داوامان کرد. وەبەرهێنەرەکانیان بێنە هەرێمی کوردستان ئەو دەرفەتانە ببینن.

بەسوود وەرگرتن لە توانا و ئەزموونی نوێ بۆ گەشەپێدانی ئابووری جیهان، هەوڵی لوتکەکە باشترکردنی دەرفەتەکانی وەبەرهێنانە لەو وڵات و ناوچانەی بۆ وەبەرهێنان گونجاون.

لەلایەن خۆیەوە، بیلال حەموری، سەرۆکی ژووری وەبەرهێنان لە وەزارەتی وەبەرهێنانی ئوردن ڕایگەیاند: بێگومان ئەم لوتکەیە لوتکەیەکی ساڵانەیە، هەمووساڵێک بابەتێک لەو بابەتانەی پەیوەستن بە وەبەرهێنان و پەرەپێدانەوە تاوتوێی دەکرێت. ژمارەیەک بیرۆکەی جیاواز لەم بوارەدا تاوتوێ دەکرێن، ئەزموون و دیدگاکانمان ئاڵوگۆڕ پێدەکەین.

دیدارەکە زیاتر گرنگی بە وەبەرهێنانی بیانی و دەرەکی دەدا، هەرێمی کوردستان ئاستی وەبەرهێنانی دەرەکی لەگەڵ 15 وڵاتی جیهان بە سەرمایەی 10 ملیار دۆلار گەیاندووەتە 16% بۆ 18%، بەڵام هێشتا چاوی لەسەر ڕاکێشانی وەبەرهێنەرانی دیکەی دونیایە تا لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا بکەن.

Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل