نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌نگ له‌سه‌ر ئه‌ندامیه‌تی ته‌واوی فه‌ڵه‌ستین له‌ ڕێكخراوه‌كه‌دا ده‌دات

K24- هەولێر:

هه‌وڵه‌كان بۆ پشتیوانیكردنی فه‌ڵه‌ستین له‌ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌ندامیه‌تی ته‌واو له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌رده‌وامه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش كۆبوونه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵه‌ی گشتی ڕێكخراوه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

بڕیارە ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 10ـی ئایاری 2024) کۆبوونەوەی كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتیوانی لە هەوڵەکانی فەڵەستین بکات بۆ بەدەستهێنانی ئەندامێتی تەواو لە ڕێکخراوەکەدا و دووبارە داواکارییەکە ڕەوانەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات "بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ئەرێنی بەو بابەتەدا بچێتەوە."

فەڵەستینییەکان هەوڵەکانیان بۆ بەدەستهێنانی ئەندامێتی تەواو لە نەتەوە یەکگرتووەکان نوێ کردەوە، ئەمەیش بە واتای دانپێدانانی کردەیی بە دەوڵەتێکی فەڵەستین، دوای ئەوەی ئەمه‌ریکا لە مانگی ڕابردوودا ڤیتۆی خۆی لە ئەنجوومەنی ئاسایش لە دژی ئەو هەوڵە بەکار هێنا.

دەنگدانەکە کە ئه‌مڕۆ هه‌ینی لە لایەن 193 وڵاتی ئەندام لە كۆمه‌‌ڵه‌ی گشتی بەڕێوە دەچێت، بە ڕاپرسییەکی جیهانی سەبارەت بەو پشتیوانییە دادەنرێت کە فەڵەستینییەکان بەدەستی دەهێنن.

هەرچەندە كۆمه‌ڵه‌ی گشتی بە تەنیا ناتوانێت ئەندامێتی تەواو لە نەتەوە یەکگرتووەکان بدات، بەڵام ڕەشنووسی بڕیارنامەکە کە ئه‌مڕۆ هەینی ده‌خرێته‌ دەنگدانەوە، لە مانگی ئەیلوولی ئه‌م ساڵه‌وه‌ هەندێک ماف و ئیمتیازاتی زیادە بە فەڵەستینییەکان ده‌دات، له‌وانه‌ پێدانی کورسییەک لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هۆڵی کۆبوونەوە، بەڵام بەبێ ئه‌وه‌ی مافی دەنگدان تێیدا هه‌بێت.