عەبدولسەلام بەرواری: پێشبینی دەکرێت تەمەنی کۆمیسیۆن درێژ بکرێتەوە
K24 – هەولێر:
شرۆڤەکارێکی سیاسی، رایدەگەیەنێت، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوادەخرێت. هاوکات پێشبینی دەکات تەمەنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق درێژ بکرێتەوە تا بتوانێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببات.
عەبدولسەلام بەرواری، شرۆڤەکاری سیاسی، لەمیانەی بەشداریی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، دوای ئەوەی دوێنێ پەرلەمانی عێراق وەرزی یاسادانانی بۆ ماوەی مانگێک درێژکردەوە، بەپێی پێشبینییەکان رێککەوتنێک کراوە کە تاوەکو 7ـی 1ـی 2025 تەمەنی کۆمیسیۆن درێژ دەکرێتەوە.
ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە ئاماژەی بەوەدا، دوای سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، هەروەها کۆبوونەوەی سوودانی لەگەڵ سەرۆکی کۆمیسیۆن و ئەندامانی کۆمیسیۆنەکە هەموو نیشانەی ئەوەیە کە رێککەوتن لەسەر پڕۆژە یاسای هەموارکردنەوەی یاسای کۆمیسیۆن کراوە،"پێشینی دەکەین هەفتەی داهاتوو پڕۆژەکە بچێتە دەنگدان و تەمەنی کۆمیسیۆن درێژبکرێتەوە".
سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، کارەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق راگیراوە تا سکاڵایەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە دادگای فیدراڵی یەکلا دەبێتەوە، بەڵام پێشبنی ناکرێت بەمزووانە یەکلا بێتەوە.
عەبدولسەلام بەرواری دەڵیت: کاتێک سکاڵاکە یەکلا دەبێتەوە نزیک دەبینەوە لە پشووی جەژن و کۆمیسیۆن کاتی نامێنێت ئامادەکاری بکات بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بۆیە هەڵبژاردن ناکرێت و جارێکی دیکە پەنا دەبرێت بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە وادەیەکی نوێ دەست نیشان بکات.
رۆژی چوارشەممە (8ـی ئایاری 2024) جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دوای بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، "بە شێوەیەکی فەرمی تەواوی ڕێکارەکانمان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ڕاگرت تا ئەو کاتەی سکاڵاکە یەکلایی دەکرێتەوە".
رۆژی سێشەممە (7ـی ئایاری 2024) دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە وەڵامی سکاڵایەکی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ فەرمانێکی "وەلائی" دەرکرد، بە مەبەستی ڕاگرتنی جێبەجێکردنی بڕگەی (دووەم)ی ماددەی (2) لە سیستمی تۆمارکردن و پەسەندکردنی لیستی کاندیدەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ژمارە (7)ی ساڵی 2024، کە تێیدا هاتووە (پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە (100) کورسیی پێک دێت کە بەسەر ئەم بازنانەی هەڵبژاردندا دابەش کراون: پارێزگای هەولێر 34 کورسی، سلێمانی 38 کورسی، دهۆک:25 کورسی و هەڵەبجە 3 کورسی).
دادگای فیدراڵی ئاماژەی بەوەش کرد، تا ئەو کاتەی سکاڵاکە یەکلایی دەکرێتەوە ڕاگرتنی جێبەجێکردنی بڕگەکە بەردەوام دەبێت ئەمەش بە مەبەستی دوورکەوتنەوە لە دەرئەنجامەکانی جێبەجێکردنی کە لە داهاتوودا چارەکردنی قورس دەبێت.