زانیاری نوێ لەبارەی دامەرزاندنی سێ یەکەمەکانی زانکۆ حکوومییەکانی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ داواکردنی تەرخانکردنی دارایی لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ دامەزراندنی سێ یەکەمە دانه‌مه‌زراوەکانی زانكۆ و په‌یمانگاكانی هه‌رێمی كوردستان، داوای لیستی ناو و زانیاریییەکان لە تۆماری زانکۆکان دەکات.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە نووسراوی ژمارە (8538) لە (8ـی ئایاری 2024) داوای لە گشت زانکۆ حکوومییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە، لە ماوەی پێنج ڕۆژی کارکردن‌دا لیستی ناوی سێ یەکەمەکانی سەر ئاستی بەش لە کۆلیژ و پەیمانگەکانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان لە دەرچووانی ساڵانی (2017-2018) تاوەکوو (2022-2023) بەپێی خشتەی دیاریکراو بۆ وەزارەت بنێرن.
نووسراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئاماژەی بە نووسراوی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە بە مەبەستی چارەسەرکردنی بابەتی دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان کە بە ژمارە (1928) لە (25ـی نیسانی 2024) بۆ ئەو مەبەستە دەریکردووە.
هەر بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی نووسراوەکەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، داوای لە هەموو بەڕێوەبەری تۆماری گشتیی زانکۆکان کردووە، ڕۆژی یەکشەممە (12ـی ئایاری 2024) لە دیوانی وەزارەت ئامادەبن بۆ کۆبوونەوە.
هەروەها ڕۆژی (28ـی نیسانی 2024) د. نه‌هله قادر، ئه‌ندامی لیژنه‌ی خوێندنی باڵا له په‌رله‌مانی عێراق، به كوردستان24ـی ڕاگه‌یاند، وەک پشتیوانییەک لە هەوڵەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، داواكارییمان ئاراسته‌ی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی ڕاژه‌ی فیدراڵی کردووە، بۆ دامه‌زراندنی سێ یه‌كه‌مه‌كانی زانكۆ و په‌یمانگه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، كه پێنج ساڵه "له ساڵی 2018"ـه‌وه دانه‌مه‌زراون و ژمارەیان شەش هه‌زار دەرچوون".
ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی سێشەممە (23ـی نیسانی 2024) پێشەوا هەورامانی ڕایگەیاند: سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای تەرخانکردنی دارایی دەکات بۆ دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی زانکۆ‌و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان.
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد: مەسرور بارزانی، سه‌رۆكی حکوومەتی هه‌رێمی کوردستان لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێم ڕاده‌سپێرێت بۆ ئه‌وه‌ی له ڕێگه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق، هه‌وڵی جیددی بۆ ته‌رخانكردنی دارایی بۆ هه‌موو سێ یه‌كه‌مه‌كانی دانه‌مه‌زراوی زانكۆ و په‌یمانگاكانی هه‌رێمی كوردستان بدرێت به‌مه‌به‌ستی دامه‌زراندنییان له دامه‌زراوه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا.
