ئەمیری کوەیت هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی ئوممەی وڵاتەکەی ڕاگەیاند

K24 – هەولێر:
دوای چەندین هەفتە لە ململانێی سیاسی و تێپەڕبوونی زیاتر لە مانگێک بەسەر کۆتایی هاتنی هەڵبژاردنی گشتی، ئەمیری کوەیت هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی ئوممەی وڵاتەکەی ڕاگەیاند.
رۆژی هەینی (10ـی ئایاری 2024) مەشعەل ئەحمەد، ئەمیری کوەیت لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی ئوومەی وڵاتەکەی ڕایگەیاند، وڵاتەکەمان بە کاتێکی سەخت تێپەڕیوە و نابێت بەم شێوەیە بەردەوام بێت، جگە لەوەش سڕکردنی چەند ماددەیەکی دەستووریشی ڕاگەیاند.
ئەنجوومەنی ئوممەی کوەیت دەسەڵاتی یاسادانانی ئەو وڵاتەیە و لە 50 ئەندامی سەربەخۆی پێکدێت، ئەمیری کوەیت کە لە کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو دەسەڵاتی گرتەدەست دەڵێت: ئەنجوومەنی ئوممە بنەما دەستوورییەکانی وڵاتی پێشێل کردووە و هەوڵی داوە دەستوەردان لە دەسەڵاتەکانی بکات.
جگە لە هەڵوەشاندنی پەرلەمان، پێنج ماددەی دەستووریشی سڕکرد و ماوەی سڕکردنەکە بۆ چوار ساڵ بەردەوام دەبێت.
ئەو بڕیارانەی ئەمیری کوەیت دەریکردوون بریتیین لە:
1- بڕگەکانی سێ، 107، 174 و 181 لە ماددەی 56 کاریان پێ ناکرێت.
2- هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی ئوممە و پێدانی دەسەڵاتەکانی بە ئەمیری کوەیت و سەرۆکوەزیران بەگوێرەی دەستوور.
3- دەرکردنی یاسا بە مەرسوومی ئەمیری و لە کاتی پێویست دەکرێت بە بڕیاری ئەمیریش یاسا دەربکرێت.
4- پێکهێنانی لیژنەیەک لە شارەزایان بۆ پێداچوونەوە و چارەکردنی کەموکورتییەکانی دەستوور بەشێوەیەک لەگەڵ شەریعەتی ئیسلامی و فەرهەنگی کوێت بگونجێت و دەسەڵاتێکی دیموکراسی دەستەبەر بکرێت، هەروەها یەکگرتوویی نیشتمان بپارێزرێت.
5- پێویستە لیژنەی پێداچوونەو بە دەستوور کارەکانی لە سەرەتای پێکهێنانی تا شەش مانگ کۆتایی بێن، دواتر ڕاپرسی بۆ بکرێت یان ئەنجوومەنی داهاتووی ئوممە لە ماوەی چوار ساڵ لە دەرچوونی ئەو بڕیارە پەسندی بکات.