مەحما خەلیل: حکوومەتی عێراق لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال خەمساردە

مەحما خەلیل، پەرلەمانتاری عێراق
مەحما خەلیل، پەرلەمانتاری عێراق

K24 – هەولێر:

پەرلەمانتارێکی عێراق، رایدەگەیەنێت، هێزکی نایاسایی و لە یادا درەچوو دەستیان بەسەر قەزای شنگالدا گرتووە ناهێلن بارودۆخی قەزاکە ئاسایی بێتەوە تا هاووڵاتییانی بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان، هەروەها  حکوومەتی عێراق تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی نەناوە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال.

مەحما خەلیل، پەرلەمانتاری عێراق، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24 رایگەیاند، تا ئێستا رێککەوتننامەی شنگال جێبەجێ نەکراوە، هەر چەندە سوودانی بەڵێنی بە شاندی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا داوە کە هەموو کارێکی جددی بکات بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال

ئەو پەرلەمانتارەی عێراق ئاماژەی بەوەدا، دەستێکی دەرەکی لە پشت ئەو ئاڵۆزییانەیە کە لە شنگال هەن و هێزێکی نایاسایش دەستی بەسەر قەزاکەدا گرتووە، هەروەها وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق داوای داخستنی کەمپی ئاوارەکانی لە هەرێمی کوردستان و عێراق کردووە، ئێمەش بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ داخستنی کەمپەکان و ناردنەوەی زۆرەملێی ئاوارەکان نین.

جەختی لەوەش کردەوە، بوونی هێزەکانی پەکەکە و حەشدی شەعبی لە شنگال ناهێڵن بارودۆخی قەزاکە ئاسایی بێتەوە، ئێمەش وەک پارتی لە پەرلەمانی عێراق فشارەکانمان زیاد دەکەین و بەردەوام جەخت لە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەکە دەکەیەنەوە.

رۆژی هەینی (10ـی ئایاری 2024) عەزرا زیا، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئاسایشی سڤیل و دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە لالش رایگەیاند، حکوومەتی عێراقمان هاندا بۆ بەرەوپێشچوونی مانادار بۆ دانانی قایمقامی شەنگال و دامەزراندنی هێزی پۆلیسی خۆجێیی ئەنجام بدات، هەروەها بنیاتنانەوە و جێگیرکردنی کارمەندانی خزمەتگوزاریی پارەداربکات.

بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، راشیگەیاند، حکوومەتی عێراقمان هاندا بۆ چارەکردنی نیگەرانییەکان لەبارەی رۆڵی میلیشیاکان لەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی داعش ئازادکروان، وەک شەنگال، دەشتی نەینەوا و زێدی پێکهاتەکانی دیکەی کۆمەڵگەی عێراق.

هاوکات دەڵێت: کاریگەریی نەرێنی گرووپە میلیشیاکان لەسەر ئاسایش و سەقامگیری کۆمەڵگەکان رێگری لە گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکات و رێگری لە بەرەوپێشچوونی ئابووری ناوچەکە دەکات، چارەکردنی ئەو کێشانە رێگەچارەیە تا ئێزدی و ئاوارەکانی دیکە بتوانن بە سەلامەتی و بەشێوەیەکی خۆویستانە بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان.