ئەستێرەیەکی بارسێلۆنا دەچێتە هیلالی سعوودی
یەکێك لە یاریزانە دیارەکانی بارسێلۆنا، لە یانەی هیلالی سعوودی نزیکە و ئەگەر هەیە هاوینی داهاتوو گرێبەستەکەی رابگەیەندرێت.
بە گوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی، لای راستی هێرشبەریی بارسێلۆنا بۆ یامین لامال دیاریکراوە و بۆ هیچ یاریزانێك ناگۆڕدرێت، لیڤاندۆڤسکی-ش لە پێشەوە شوێنەکەی ئاشکرایە و گۆڕانکاری تێدا ناکرێت، کارگێڕی بارسێلۆنا وای دەبینن رافینیا لە باڵی چەپی هێرشبەریی سەرکەوتوو نابێت و دەیانەوێت گرێبەست لەگەڵ نیکۆ ولیامز ئەستێرەی ئاتلێتیك بلباو واژۆ بکەن.
چاڤی هێرناندزی راهێنەری بارسێلۆنا، پێی وایە نیکۆ لە توانا تاکە کەسییەکان زۆر لە رافینیا باشترە و یاریزانەکەی بلباو ئارەزوو دەکات پەیوەندی بە یانە کەتەلۆنییەکەوە بکات.
رۆژنامە ئیسپانییەکە دەڵێت: فرۆشتنی رافینیا چارەسەری بەشێك لە کێشە داراییەکانی بارسێلۆنا دەکات و دەتوانن بە ئاسانی ولیامز بکڕن.
یانەی بارسێلۆنا بۆ فرۆشتنی رافینیا بیر لە چەند گرێبەستێك دەکاتەوە، دیارترینان ئۆفەرەکەی یانەی هیلالی سعوودییە و بڕەکەی 100 ملیۆن یۆرۆی رێكە.
رۆژنامەی سپۆرت ئەوەشی ئاشکراکردووە، یانەی بارسێلۆنا رافینیای سەرپشك کردووە لە جێهێشتن یان مانەوەی لە یانەکە، بەڵام ئەوەیان پێڕاگەیاندووە ئەگەر بمێنێتەوە بەشێوەیەکی سەرەکی پشتی پێنابەستن.
هەرچەندە رۆژی 2024/05/10 لیستی یاریزانە بانگهێشتکراوەکانی هەڵبژاردەی بەرازیل بۆ کۆپا ئەمەریکای داهاتوو بڵاوکرایەوە و رافینیا یەکێك بوو لە یاریزانە بانگهێشتکراوەکانی سامبا بەڵام بارسێلۆ دەیەوێت دەستبەرداری ببێت.
رافینیا لە وەرزی 2022-2023 لە یانەی لیدز یونایتدی ئینگلیزییەوە پەیوەندی بە بارسێلۆناوە کرد و بەهای ئێستای یاریزانەکە لە ترانسفێر مارکێت 50 ملیۆن یۆرۆیە.