ماکرۆن چوونی ئێمباپێ بۆ ریاڵ مەدرید یەکلایی دەکاتەوە

کلیان ئێمباپێ و ئیمانوێل ماکرۆن
کلیان ئێمباپێ و ئیمانوێل ماکرۆن

ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا چوونی کلیان ئێمباپێ بۆ ریزەکانی یانەی ریاڵ مەدرید یەکلایی دەکاتەوە و جارێکی دیکەش داوا لە بەرپرسانی ئەو یانەیە دەکات، رێگە بەو یاریزانە بدەن بەشداری ئۆڵمپیکی پاریسی 2024 بکات.

چەند جارێکە ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا، پێداگیری لەسەر بەشداری کردنی کلیان ئێمباپێ، هێرشبەری هەڵبژاردەی تۆپی پێ وڵاتەکەی لە ئۆڵمپیکی 2024 دەکات، دوای ئەوەی ئەو یاریزانە چارەنوسی خۆی لەگەڵ یانە شازادەکە یەکلایی کردەوە و رایگەیاند کۆتایی ئەم وەرزە یانەکەی جێدێڵێت، سەرۆکی وڵاتەکەی بۆ دووەمجار لە ماوەی مانگی رابردوو، داوای لە یانەی داهاتوو ئەو یاریزانە کرد، رێگەی پێبدەن بەشداری یارییەکانی ئۆڵمپیک بکات.

ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا، شەوی رابردوو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە داهاتووی ئێمباپێ گووتی، من نازانم وەرزی داهاتوو یاریی بۆ کام یانە دەکات، بەڵام داوام لە بەرپرسانی ریاڵ مەدرید کردووە، رێگەی پێبدەن هاوینی ئەمساڵ بەشداری یارییەکانی ئۆڵمپیک بکات.

هەڵبژاردەی ئۆڵمپی فەرەنسا لە کۆمەڵەی یەکەمی ئۆڵمپیکی داهاتوو کە بڕیارە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ بکرێت، رووبەڕووی هەڵبژاردەکانی ئەمریکا و گینیا و نیوزلەندا دەبێتەوە، هەر هەڵبژاردەیەکیش بۆی هەیە سێ یاریزانی سەروو 23 ساڵان بانگهێشت بکات.

کارگێری یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانیا بڕیاریداوە مانگی حوزەیرانی داهاتوو، رێگە بە هیچ یاریزانێکی نەدات بەشداری ئۆڵمپیک بکات، دەنگۆیەکی بەهێزیش هەیە ئەو کات ئێمباپێ گرێبەستەکەی لەگەڵ ئەو یانەیە واژۆ بکات.