پێشهاتی نوێ لەسەر داهاتووی کلیان ئێمباپێ

کلیان ئێمباپێ هێرشبەری هەڵبژاردەی فەرەنسا
کلیان ئێمباپێ هێرشبەری هەڵبژاردەی فەرەنسا

شەوی رابردوو لەناکاو کلیان ئێمباپێ هێرشبەری یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسا، جێهێشتنی ریزەکانی یانەکەی لە کۆتایی ئەم وەرزە راگەیاند، بەڵام باسی یانەکەی داهاتووی نەکرد و زۆربەی سەرچاوەکانیش لە ئەوروپا، باس لە یانەی ریاڵ مەدرید دەکەن.

نزیکەی حەوت ساڵە فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆکی یانەی ریاڵ مەدرید لە هەوڵی ئەوەدایە، کلیان ئێمباپێ هێرشبەری هەڵبژاردەی فەرەنسا بگوازێتەوە یانەکەی، بەڵام هەرگیز سەرکەوتوو نەبوو و بگرە ساڵی 2022 هەردوولا زۆر نزیکبوون لە رێککەوتن، کەچی لە دوا ساتەکان ئەو یاریزانە گرێبەستەکەی لەگەڵ شازادەکان نوێکردەوە.

دواجار شەوی رابردوو گۆڵکارەکەی شازادەکان هەموو شتێکی یەکلاکردەوە بێجگە لە ئاشکرا کردنی یانەکەی داهاتوو، بەڵام زۆرینەی سەرچاوەکانی ئەوروپا لەوانەش فابریزیۆ رۆمانۆ رۆژنامەنوسی ئیتاڵی، پێداگیرن لەسەر ئەوەی بێجگە لە ریاڵ مەدرید، هیچ یانەیەکی دیکە توانای گواستنەوەی ئەو یاریزانەی نیە، هەروەها خودی یاریزانەکەش تەنها ئامانجی یانە شاهانەکەیە.

تۆڕی هەواڵی سکای سپۆرتی ئیتاڵی بڵاویکردەوە، ئێمباپێ لە پێناو پەیوەندی کردن بە ریزەکانی یانەی ریاڵ مەدرید، ئامادەیە داشکانێکی گەورە لە مووچەکەی بکات، بە جۆرێک ئەو یاریزانە ساڵانە لەگەڵ یانە فەرەنسیەکە 72 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت، بەڵام لە کاتی چوونی بۆ یانە شاهانەکە، ساڵانە 45 ملیۆن یۆرۆی پێدەدرێت.

زۆربەی سەرچاوەکانی جیهان باس لەوە دەکەن، ریاڵ مەدرید بۆ ماوەی 5 وەرز و بە مووچەی ساڵانە 15 ملیۆن یۆرۆ گرێبەستی لەگەڵ ئێمباپێ واژۆ کردووە، بەڵام لە هەمان کاتدا 150 ملیۆن یۆرۆش وەکو شیرینی گرێبەست کردن پێشکەشی دەکەن، ئەو پارەیەش بە شێوازی قسیت بۆ ماوەی 5 ساڵ پێشکەشی دەکات، واتە ئێمباپێ ساڵانە لە ریاڵ مەدرید 45 ملیۆن یۆرۆ مووچەکەی دەبێت.

لە ریزەکانی یانەی ریاڵ مەدرید تۆنی کرووس ناوەڕاستکاری ئەڵمانی خاوەنی زۆرترین مووچەی ساڵانەیە کە مووچەکەی 24 ملیۆن یۆرۆیە، لە دوای ئەویش داڤید ئالابا بەرگریکاری نەمسایی مووچەی ساڵانەی 22 نلیۆن یۆرۆیە. دوای هاتنی کلیان ئێمباپێ بۆ ریزەکانی یانەی ریاڵ مەدرید، ئەو کاتە دەبێتە خاوەنی زۆرترین مووچەی ساڵانە لەو یانەیە.