وەرزی داهاتوو ئێمباپێ درێسی مۆدریچ دەپۆشێت
لوکا مۆدیچ ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی ریاڵ مەدرید، داهاتووی خۆی لەگەڵ یانە شاهانەکە یەکلاکردەوە.
گرێبەستی لوکا مۆدریچی کڕواتی لە هاوینی 2024 لەگەڵ مێرێنگی کۆتایی دێت و نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی ببووە جێی باسی میدیاکان.
رامۆن ئالڤارێس، رۆژنامەنووس لە رادیۆی مارکا لە یوتیوبەکەی خۆی ئەوەی بڵاوکردەوە، کە گرێبەستی مۆدریچ لەگەڵ ریاڵ مەدرید ئەم هاوینە کۆتایی دێت و یاریزانەکە لە ریاڵ مەدرید دەڕوات و گرێبەستەکەی نوێ ناکاتەوە.
رۆژنامەنووسەکەی رادیۆی مارکا دەڵێت: مۆدریچ ئەم وەرزە کۆتا پێنج یاریی خۆی بە درێسی ریاڵ مەدریدەوە دەکات، بەڵام پێش رۆیشتنی کۆبوونەوەیەکی چاوەڕوانکراو لەگەڵ فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەکەی پایتەختی ئیسپانیا ئەنجامدەدات.
ئالڤارێس دەشڵێت: دوای رۆیشتنی لوکا لە ریاڵ مەدرید، وەرزی داهاتوو کیلیان ئێمباپێ درێسی ژمارە 10 وەردەگرێت.
لوکا مۆدریچی کرواتی وەرزی 2012-2013 بە بەهای 40 ملیۆن یۆرۆ لە تۆتێنهامەوە پەیوەندی بە ریاڵ مەدریدەوە کرد و بەهای ئێستای لە بازاڕی یاریزانان 8 ملیۆن یۆرۆیە.