کاردانەوەی ئێنریکێ دوای بڕیارە مێژووییەکەی ئێمباپێ
لویس ئێنریکێ راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمان فەرەنسا دوای بڕیارەکەی کلیان ئێمباپێ لەسەر جێهێشتنی یانەکەیان رایگەیاند، ئەو نازانێت ئەو یاریزانە وەرزی داهاتوو لە کام یانە یاریی دەکات، بەڵام ئامانجەکەشی روون و ئاشکرایە.
راهێنەرەکەی یانە شازادەکان لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یاریی یانەکەی بەرامبەر تولۆز لە گەڕی 32 خولی فەرەنسا لەبارەی بڕیارەکەی هێرشبەری لاوی یانەکەیان گووتی '' ئێمباپێ یانەی داهاتوو خۆی ئاشكرا نەکردووە، بەڵام پێموابێ هەمووان دەزانن ئامانجی ئەو یانەیە بۆ داهاتوو کام یانەیە، ئێمەش هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازین و رێز لە بڕیارەکەی دەگرین ''.
لویس ئێنریکێ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەشی ئاشكرا کرد '' هەموومان ماوەیەکی زۆرە ئاگاداری ئەوە بووین ئێمباپێ دەیەوێت پاریس جێبێڵێت، ئێمە دڵنیان وەرزی داهاتوو بەهێزتر دەبین و ئەو قسەیەی منتان لەبیر بێت، وەرزی داهاتوو پاریس سانجێرمان بەهێزتر دەبێت ''.
کلیان ئێمباپێ شەوی رابردوو گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و جێهێشتنی ریزەکانی یانەکەی لە کۆتایی ئەم وەرزە راگەیاند، بەڵام باسی لەوە نەکرد وەرزی داهاتوو پەیوەندی بە کام یانە دەکات.