جووتیارێک: لە بازگەکان لێمان ناگەڕێن دانەوێڵەکانمان ببەینە کەرکووک

K24 - هەولێر

جووتیارێکی کورد ڕایدەگەیێنێت، لە بازگەکان ڕێگریمان لێ دەکەن و نایەڵن دانەوێڵەکانمان ببەینە کەرکووک تاکوو لەوێ ساغی بکەینەوە و بیفرۆشین.

ئەیوب، جووتیارێکی کوردی سنووری ساڵەیی و شوانە، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئێمە وەکوو جووتیارانی سنووری ساڵەیی و شوان، لە بازەگەکان ڕێگریمان لێ دەکەن و نایەڵن دانەوێڵەکانمان ببەینە کەرکووک بۆ ئەوەی لەوێ ساغی بکەینەوە. دەشڵێت: تاوەکوو ئێستا سایلۆیەک لەو سنوورە نییە تاوەکوو دانەوێڵەکانمان لێ وەرگرێت. ئەوەش وایکردووە بە ئەستەم بگەینە سایلۆکانی ڕیاز و حەویجە و دووز و سنوورەکە.

ئەیوب ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەندە وەکو پەڵکانەمان لێ نەکراوە، بەڵام درێژکرنەوەی ئەو سیاسەتەیە کە لەوێ جێبەجێ دەکرێت.

باسی لەوەش کرد، "بەهۆی تەزرە و باران زیانمان پێگەیشتووە، ئێستا کە دروێنە دەکەین، دەراسەکان نیوە لە نیوەی هەڵناگرێت چونکە جۆیەکە داکەوتووە"، گوتیشی: "هێشتا گەنم پێ نەگەیشتووە تەنیا جۆیەکە زیانی پێ گەیشتووە".

گوتیشی: ئەو نرخەی بۆ دانەوێڵە دانراوە بۆ جووتیار نییە، بەڵکو بۆ بازرگانەکانە، جووتیار زۆر بە ئەستەم دەگاتە ئەو نرخە تاوەکوو دانەوێڵەکەی بفرۆشێتە حکوومەت.

شاخەوان عەبدوڵڵا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ئاگادارییەکەی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی: دوای ڕێگرییەکانی سوپا لە جووتیارانی کورد بۆ دروێنەی بەرهەمەکانیان لە ئەنجامی سکاڵای عەرەبی هاوردە، لەگەڵ سەرۆک وەزیران و فەرماندەی ئۆپەراسیونەکان لە بەغدا قسەمان کرد و لە چوارشەمەوە فەرمان بە ئۆپەراسیونەکانی کەرکووک کراوە ڕێگرییەکان هەڵگرن و جووتیاران دروێنەی بەرهەماکانیان دەست پێ بکەن. بەڵام بەداخەوە بەهەر هۆیەک بێت ئەو نووسراوە نەگەیشتبووە کەرکووک و ئەمڕۆ جاریکی دیکە لە ڕێگەی بەغداوە نووسراوەکەمان  گەیاندە  کەرکووک و فەرماندەی ئۆپەراسیونەکانی کەرکووک.

Fly Erbil Advertisment