فلۆریان خەونی لەبەر کردنی درێسی ریاڵ مەدریدی هەیە

فلۆریان ڤێرتز
فلۆریان ڤێرتز

فلۆریان ڤێرتز ناوەڕاستکاری ئەڵمانی یانەی بایەرلیڤەرکۆزنی ئەم وڵاتە، بەهۆی ئاستە بەرزەکەی بووەتە ئامانجی بەرپرسانی یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانیا، بەرپرسانی یانەکەش لە ئێستاوە بۆ دوو وەرزی داهاتوو پلانی گواستنەوەی دادەڕێژن.

ساڵی 2021 بوو بۆ جاری یەکەم بەرپرسانی یانە شاهانەکە چاویان بڕییە ناوەڕاستکارە لاوەکەی مانشافت، بەڵام ئەو کات بەهۆی ئەوەی تووشی پێکانێکی قورس بوو، یانە شاهانەکە پلانەکانی هەڵوەشاندەوە، کەچی زۆری پێنەچوو و ئەو یاریزانە گەڕایەوە یاریگاکان و توانی ئاستێکی نموونەیی لەگەڵ یانەکەی پێشکەش بکات.

رۆژنامەی وەرزشی بیڵدی ئەڵمانی زانیاری دەستکەوتووە، فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆکی یانەی ریاڵ مەدرید بەرپرسانی یانەکەی راسپاردووە، بۆ ئەوەی کار لەسەر گواستنەوەی ڤێرتز لە وەرزی 2025-2026 بکەن، لەبەر ئەوەی نایانەوێت بۆ وەرزی داهاتوو ئەو بەهرەدارە لە چنگ چابی ئاڵۆنسۆی راهێنەری یانەکەی دەربێنن.

فلۆریانی تەمەن 21 ساڵان ئەم وەرزە لە کۆی 46 یاریی توانیویەتی 18 گۆڵ بۆ یانەکەی تۆمار بکات و یەکێکە لە سەرکردەکانی هێلی ناوەڕاستی یانەکەی، هەرچەندە دەنگۆیەک هەیە یانەکانی مانچێستەر سیتی و پاریس سانجێرمان ئامادەن بۆ وەرزی داهاتوو بە پارەیەکی خەیاڵی ئەو یاریزانە بگوازنەوە، بەڵام فلۆریان کە لە منداڵیەوە هاندەری ریاڵ مەدرید بووە، هەموو خەونەکەی لەبەر کردنی درێسی ئەو یانەیە.