پارێزەرێکی ڕاوێژکار: حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرکەوتووانە ڕووبەڕووی ماددە هۆشبەرەکان بووەتەوە

نەشوان جادر، پارێزەری ڕاوێژکار
نەشوان جادر، پارێزەری ڕاوێژکار

K24  - هەولێر

پارێزەرێکی ڕاوێژکار دەڵێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە ڕووبەڕووی دیاردەی ماددە هۆشبەرەکان ببێتەوە. ئاماژە بەوەش دەدات، بەشێکی زۆری ماددە هۆشبەرەکان بە ڕێگەی قاچاخ دەهێندرێنە عێراق و هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 12-05-2024، نەشوان جادر، پارێزەری ڕاوێژکار لەبارەی زیادبوونی دیاردەی بەکارهێنان و بازرگانیی بە ماددە هۆشبەرەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، میوانی گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆی کوردستان24 بوو کە هەکار نهێلی پێشکەشی کرد.

بە گوتەی نەشوان جادر، بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی عێراق، هێزە ئەمنییەکان لە هەرێمی کوردستان توانیویانە بە شێوەیەکی زۆر باشتر ڕووبەڕووی دیاردەی بازرگانی و بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان ببنەوە. گوتیشی، "زۆرینەی ئەو تۆمەتبارانەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراون، بەپێی هەردوو ماددەی 26 و 30 لە یاسای ماددە هۆشبەرەکان مامەڵەی یاساییان لەگەڵ کراوە".

وەکو ئەوەی ئەو پارێزەرە ڕاوێژکارە باسی کرد، بەشێکی زۆری ماددە هۆشبەرەکان بە ڕێگەی قاچاخ لە تورکیا، ئێران و سووریاوە دەهێندرێنە نێو عێراق و هەرێمی کوردستان. ئاماژەی بەوەش کرد، حکوومەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی بە پلانێکی ستراتیجی ڕووبەڕووی دیاردەکە ببێتەوە و مەترسییەکانی کەم بکاتەوە.

بەپێی ئامارەکان، 80%ـی بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 35 ساڵیدایە و 10%ـی بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکانیش ئافرەتن و 4%ـیش تەمەنیان خوار 18 ساڵە.

بە پێێ ماددەی 26ـی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، کە پەرلەمانی کوردستان دەری کردووە، ئەو کەسانەی بازرگانی بە مادددەی هۆشبەرەوە دەکەن، سزاکەیان بە زیندانی هەتا هەتایی دەست  پێ دەکات، هەروەها پێبژاردنێک کە لە 15 ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە 90 ملیۆن دیناری عێراقیش زیاتر نەبێت. بەکارهێنەری ماددە هۆشبەرەکانیش، بە زیندانیکردن بۆ ماوەی ساڵێک تاوەکو سی ساڵ سزا دەدرێت، هەروەها بە پێبژاردنێک کە لە 15 ملیۆن دیناری عێراقی زیاتر نەبێت.