هەولێر 73 رۆژە هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە

یانەی وەرزشی هەولێر
یانەی وەرزشی هەولێر

ئەمڕۆ گەڕێکی نوێ لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بەرێوەدەچێت و یانەی هەولێر کە ماوەیەکی زۆرە هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە، لە گەڕی 28ـی خولەکە و لە دەرەوەی یاریگای خۆی، لە شاری بەغدا پایتەختی عێراق رووبەڕووی یانەی نەفت دەبێتەوە.

یانەکەی قەڵا و منارە دوای بردنەوەکەی بەرامبەر ئەمانەی بەغدا لە گەڕی 17ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق. لە هیچ یارییەکی دیکە براوە نەبووە کە دەکاتە 73 رۆژ. لەو کاتەوەش 9 یارییان کردووە و لە لە 5 یاریی دۆڕاون و لە 4 یاریش یەکسانبوینە.

هەولێر خاوەنی 4 ناسناوی خولی عێراق، دوای دوورخستنەوەی حەیدەر عەبدولئەمیر لە پۆستی راهێنەرایەتی یانەکەی، تاوەکو ئێستا لەگەڵ هیچ راهێنەرێک نەگەیشتووەتە رێککەوتن، ماوەیەک حوسێن عەبدولقادر لە شوێنی دەستبەکاربوو، بەڵام دواتر ئەمیش وازی لە پۆستەکەی هێنا. بۆیە لە دوو یاریی رابردوو ئەحمەد قەدوور راهێنەری توانای جەستەیی یانەکە سەرپەرشتی تیپەکەی کردووە و بۆ ئەم یارییەش بەردەوام دەبێت.

ھەولێر بۆ ئەم یارییە لە تواناکانی یاسین سامیە هێرشبەری سووری یانەکەی بێ بەش دەبێت، ئەو یاریزانە ماوەیەکە نەشتەرگەری ئەژنۆی بۆ کراوە، هەروەها گومان لە بەشداری کردنی هیلیۆ مۆنتێرۆی بەرگریکاری بەڕازیلی یانەکەش دەکرێت.

یانەکەی پایتەختی هەرێمی کوردستان چارەنوسی لە مەترسیدایە، ئەو یانەیە لە کۆی 25 یاریی ئەم وەرزە تەنها 5 یاریی براوە بووە، لە بەرامبەردا 11 یاریی دۆڕاندووە و خاوەنی 25 خاڵن و لە پلەی 17ـی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێت، ئەویش بە جیاوازی تەنها 6 خاڵ لەگەڵ ناوچەی دابەزین.

هەردوو یانەی نەفت و هەولێر لە مێژوودا 26 یارییان لە خولی عێراق بەرامبەر یەکتری کردووە، هەولێر خاوەنی ئامارێکی باشی بەرامبەر رکابەرەکەی هەیە و لە 13 یاریی براوە بووە و تەنها لە 3 یاریی بەرامبەر نەفت دۆڕاوە.

یارییەکەی ئەمڕۆ کاتژمێر 16:00 لە یاریگای یانەی نەفت لە شاری بەغذا بەڕێوەدەچێت و یارییەکەش بە شێوەیەکی راستەوخۆ لە پەیجی فەرمی Kurdistan24sport بە کۆمێنتاری هەرێم قەرەناوی دەگوازرێتەوە.

یاریی نەفت و هەولێر
یاریی نەفت و هەولێر