مێسی نەیتوانی ریکۆردێکی خۆی یەکسان بکاتەوە

لیۆنێل مێسی
لیۆنێل مێسی

ئینتەر مەیامی لە گەڕی 13ـی خولی ئەمریکا لە دەرەوەی یاریگای خۆی بووە میوانی مۆنتریال و یارییەکەشی بە ئەنجامی 3-2 لە خاوەن یاریگا بردەوە و پێنجەم بردنەوەی لەسەر یەکیشیان تۆمار کرد.

لیۆنێل مێسی و هاوڕێکانی بەردەوامن لەسەر ئەنجامە باشەکانیان و دوای چوار بردنەوەی لەسەر یەک لە خولی ئەمریکا، ئەمجارەیان لە دەرەوەی یاریگای خۆیان رووبەڕووی مۆنتریال بونەوە و پێنجەم بردنەوەی لەسەر یەکیان، لە کۆمەڵەی رۆژهەڵاتی خولەکە تۆمار کرد.

نیوەی یەکەمی یارییەکە لە ماوەی 10 خولەک یاریزانانی مۆنتریالی خاوەنی یاریگا دوو گۆڵیان تۆمار کرد، بەڵام یاریزانانی یانەی میوان ریمۆنتادایان کرد و بە سێ گۆڵ وەڵامی خاوەن یاریگایان دایەوە و بردنەوەیان لە یارییەکە مسۆگەر کرد.

ئەم سەرکەوتنە رەنگە تامێکی ئەوتۆی بۆ هاندەرانی لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی یانەی ئینتەر مەیامی نەبێت، لەبەر ئەوەی لیۆ دوای 11 یاریی لەسەر یەک، لەم یارییە نەیتوانی بەشداری هیچ گۆڵێک بکات، واتە نە ئاسیستی کرد و نە گۆڵی کرد.

مێسی پێشتر بۆ جاری یەکەم لە کاروانی وەرزشی خۆی، لە سالی 2011 توانی 15 یاریی لەسەر یەک بەشداری گۆڵ بکات، خاوەنی 8 خەڵاتی باڵۆن دۆر بەو هیوایە بوو ئەو ریکۆردەی یەکسان بکاتەوە، بەڵام لە کۆتاییدا نەیتوانی و ریکۆردەکەی وەک خۆی مایەوە.