خۆسێلۆ نزیکە لە نوسینەوەی مێژوو
خۆسێلۆ یاریزانی کاتی یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانیا، دوای ئەوەی وەرزی رابردوو یانەکەی واتە ئیسپانیۆل دابەزی بۆ خولی یانە پلە دووەکانی ئیسپانیا، بڕیاریدا یانەکەی جێبهێڵێت و بە شێوەی کاتی بۆ ماوەی وەرزێک، پەیوەندی بە ریزەکانی یانە شاهانەکەوە بکات.
لە مێژووی ئیسپانیا ژمارەیەکی زۆر یاریزان هەن کاتێک یانەکەیان دابەزیوە بۆ خولی پلە، پەیوەندیان بە یانەیەکی دیکەوە کردووە و لەگەڵ یانە نوێیەکەیان بووەتە پاڵەوانی لالیگا، یەکێک لەو یاریزانە خۆسێلۆ هێرشبەری کاتی یانەی ریاڵ مەدریدە.
خۆسێلۆ یەکێکە لەو 27 یاریزانەی لە مێژووی ئیسپانیا کاتێک یانەکەی دابەزیوە بۆ خولی پلە دوو، پەیوەندی بە یانەیەکی دیکەی لالیگا کردووە و بووەتە پاڵەوان، ئەو یاریزانە هاوینی رابردوو بە شێوەی خواستن و بۆ ماوەی وەرزێک بەرامبەر 1.5 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە مێرنگیەوە کرد و ناسناوی لالیگای بەدەستهێنا.
لە مێژووی ئیسپانیا هەرگیز نەبووە یاریزانێک کاتێک یانەکەی دابەزێت، پەیوەندی بە یانەیەکی دیکەوە بکات و لەو وەرزە یانەکەی ناسناوی لالیگا و چامپیۆنزلیگ بەدەستبهێنێت، بەڵام خۆسێلۆ نزیکە لە نوسینەوە ئەو مێژووە، یانەکەی گەیاندووەتە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ و سەرەتای مانگی داهاتوو، لە پێناو بەدەستهێنانی ناسناوەکە رووبەڕووی بورووسیا دۆرتمۆند دەبێتەوە، ئەگەر یارییەکە ببەنەوە، ئەو کات دەبێتە یەکەم یاریزان لە مێژووی ئیسپانیا، لە وەرزێک ناسناوی لالیگا و چامپیۆنزلیگ بەدەستبهێنێت.