یاریزانە دڵخوازەکەی چاڤی لە یانەکەی دەمێنێتەوە

مارتین زوبێمێندی ناوەڕاستکاری یانەی ریاڵ سۆسیداد
مارتین زوبێمێندی ناوەڕاستکاری یانەی ریاڵ سۆسیداد

مارتین زوبێمێندی ناوەڕاستکاری یانەی ریاڵ سۆسیدادی ئیسپانیا، یەکێکە لە یاریزانە دڵخوازەکانی چاڤی هێرناندێز راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، بەڵام پێدەچێت راهێنەرە کەتەلۆنیەکە هەرگیز دەستی بە ئەستێرە دڵخوازەکەی نەگات.

چەند وەرزێکە راهێنەرەکەی بلاوگرانا داوای ناوەڕاستکارە لاوەکەی ریاڵ سۆسیداد دەکات، بەڵام بەهۆی کێشە داراییەکان کارگێری یانەکەی هەرگیز نەیتوانیوە نزیک ببێتەوە لەو یاریزانە، بەهۆی ئەوەی یانەکەی هەرێمی ئەندەلوس داوای 60 ملیۆن یۆرۆ بۆ یاریزانەکە دەکات، کێشە داراییەکانی یانەکەی هەرێمی کەتەلۆنیاش رێگرن لە خەرجکردنی ئەو پارەیە.

ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵانی رابردوو راهێنەرەکەی بارسێلۆنا داوای لە کارگێری یانەکەی کردووە، مارتین زوبێمێندی بۆ بگوازنەوە، دەنگۆیەکیش هەیە دێکۆ بەرێوەبەری وەرزشی بارسا، لەگەڵ بەرێوەبەری کارەکانی ئەو یاریزانە گفتوگۆی کردووە.

لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یاریی یانەکەیان بەرامبەر بارسێلۆنا لە گەڕی 36 لالیگا، کاتێک لەبارەی چارەنوسی مارتین پرسیار لە ئیمانوێل راهێنەری سۆسیداد کرا گووتی '' دەمەوێت راستگۆبم لەگەڵتان، زۆبێمێندی لەگەڵ ئێمە بەردەوام دەبێت و یانەکەمان جێناهێڵێت، ئەو یاریزانێکی گەورە و لێهاتووە و ئەم وەرزەش سەلماندویەتی کە یاریزانێکی گرنگە بۆ ئێمە، بۆیە دڵنیام لەگەڵ ئێمە بەردەوام دەبێت و یانەکەمان جێناهێڵێت ''.

مارتین زوبێمێندی 25 ساڵان ئەم وەرزە لەگەڵ یانەکەی، لە سەرجەم خوڵ و پاڵەوانێتیەکان بەشداری 45 یاریکردووە و خاوەنی 4 گۆڵ و 1 ئاسیستە.