داهاتووی لێڤاندۆڤسکی یەکلایی کرایەوە
ماوەیەکە دەنگۆیەک بڵابووەتەوە گوایە رۆبێرت لێڤاندۆڤسکی هێرشبەری پۆڵەندی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانیا، دوای کۆتایی هاتنی ئەم وەرزە ریزەکانی یانەکەی جێدەهڵێت، بەڵام بەرێوەبەری کارەکانی هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە.
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی بڵاویکردەوە دەنگۆیەک هەبوو، کارگێری بارسێلۆنا دەیەوێت پێشکۆتایی هاتنی گرێبەستی گۆڵکارە پۆڵەندییەکەی دەستبەرداری بێت، بۆ ئەوەی بە پارەی ئەو یاریزانە چەند یاریزانێکی دیکە بگوازنەوە ریزەکانیان، کەچی پینی زاهاوی بەڕێوەبەری کارەکانی ئەو یاریزانە قسەیەکی دیکە دەکات.
بەرێوەبەری کارەکانی گۆڵکارەکەی یانەی بارسێلۆنا، لەگەڵ یەکێک لە دیمانەیەکدا لەگەڵ یەکێک لە رۆژنامەکانی پۆڵەندا سەبارەت بە داهاتووی ئەو یاریزانە لە یانەکەی گووتی '' بارسێلۆنا ئامادەنیە دەستبەرداری لیڤا بێت، ئەوانەی باس لەوە دەکەن کارگێری بارسێلۆنا لە هەوڵی ئەوەدایە دەستبەرداری رۆبێرت بێت و بە پارەکەی یاریزانی دیکە بگوازنەوە راست ناکەن ''.
زاهاوی بەرێوەبەری کارەکانی رۆبێرت لێڤاندۆڤسکی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت '' لیگڤا هەرگیز بیری لە خولی سعوودیە نەکردووەتەوە، ئەو یاریزانە دەیەوێت تاوەکو کۆتایی گرێبەستەکەی، لە ریزەکانی یانەی بارسێلۆنا بەردەوام بێت ''.
رۆبێرت لێڤاندۆڤسکی هاوینی ساڵی 2022 بەرامبەر 45 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە بارسێلۆنا کرد و هاوینی ساڵی 2026 گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی کۆتایی دێت. لیڤا لەگەڵ یانەکەی هەرێمی کەتەلۆنیا بەشداری 91 یاریکردووە و خاوەنی 57 گۆڵ و 17 ئاسیستە.