چاڤی: ئێستا کاتی ئەوە نییە قسە لەسەر وەرزی داهاتوو بکەین

چاڤی هێرناندێز راهێنەری یانەی بارسێلۆنا
چاڤی هێرناندێز راهێنەری یانەی بارسێلۆنا

بارسێلۆنا شەوی داهاتوو واتە دووشەممە رێکەوتی 13/5/2024 کاتژمێر 22:00 بە کاتی هەولێر، لە یاریگای خۆی و لە گەڕی 35 خولی ئیسپانیا میوانداریی ڕیاڵ سۆسیداد دەکات، پێش یارییەکە و لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی چاڤی هێرناندێز ڕاهێنەری یانەکە داوای لە رۆژنامەنوسان کرد ئێستا کاتی ئەوە نییە قسە لەسەر وەرزی داهاتوو بکەن.

یاریی بەرامبەر ریاڵ سۆسیداد

چاڤی " نازانم سبەی سۆسیداد چۆن بەرانبەرمان یاری دەکات. لە ڕووی جەستەییەوە بەهێزن و ڕێگەت پێ نادەن  زۆر بجوڵێیت. سبەی رووبەرووی تیپێکی بەهێز و ڕاهێنەرێکی باش دەبینەوە. شێوازی یاریکردنمان پەیوەستە بەوەی ئایا ئەوان هێلی بەرگرییان لە کوێ جێگیر دەبێت، هەروەها دەبێت بزانین ئەوان لە کوێوە فشارمان دەخەن سەر."

لەبارەی پلەی دووەمی لالیگا

چاڤی " ئێمە جارێکی دیکە چانسی ئەوەمان هەیە بگەڕێینەوە پلەی دووەمی ڕیزبەندی لالیگا، ئەویش بەهۆی یەکسانبونەکەی جیرۆنا بەرامبەر ئالاڤێس، دۆڕانەکەمان بەرامبەر جیرۆنا ئێمەی گەڕاندەوە دواوە، بەڵام ئێستا دەرفەتی ئەوەمان لەبەردەمە، جارێکی دیکە پلەی دووەمی ریزبەندی بەدەست بێننەوە ''.

دەنگۆکان لەبارەی چارەنوسی یاریزانەکان

چاڤی " ئێمە تاوەکو کۆتایی وەرز لێرەین و دوو هەفتەی دیکە ئەم وەرزە تەواو دەبێت، هەموو ئامانجی ئێمە ئەوەیە پلەی دووەمی لالیگا بەدەست بهێنین، دەزانم هەمووتان حەز دەکەن قسە لەبارەی چارەنووسی یاریزانەکان بکەم، بەڵام ئیستا کاتی ئەو قسانە نییە و کۆتایی وەرز هەموو شتێکتان بۆ ڕوون دەبێتەوە ''.

چارەنوسی پێدری بۆ یۆرۆ2024

چاڤی " ئەوە کاری من نییە و قسەی لەسەر ناکەم، ئیسپانیا ڕاهێنەرێکی گەورەی هەیە و ئەو بڕیار دەدات و دەزانێت کێ بانگهێشت دەکات، پێدری بارودۆخی باشە و رۆژانە بە باشی ڕاهێنان دەکات و 100٪ ئامادەیە ''.

چارەنوسی تیپەکەتان ئەگەر پلەی دووەمتان بەدەست نەهێنا

چاڤی " پێموانییە پلاندانان بۆ وەرزی داهاتوو پەیوەست بێت بە ئەنجامی ئەم وەرزەوە. خشتە و پلانەکانمان بە هیچ شێوەیەک ناگۆڕین، لەم چوار یارییەدا هەندێک یاریزان دەتوانن چارەنووسی خۆیان یەکلایی بکەنەوە. ئامانجمان ئەوەیە وەرزی داهاتوو لە هەر پۆستێکدا دوو یاریزانی باشمان هەبێت بۆ ئەوەی ئاستی ڕکابەرییەکان بەرز بکەینەوە”.

چارەنوسی ئانسۆ فاتی

چاڤی " نامەوێت زیاتر لەسەر پلانەکانی وەرزی داهاتوو پرسیارم لێ بکەن، لەبەر ئەوەی ناوی هیچ یاریزانێک ناهێنم و هەر کاتێک ئەم وەرزە کۆتایی هات، ئەو کات لەبارەی هەموو ئەو یاریزانانە قسە دەکەین، بە تایبەت ئەوانە بە شێوەی خواستن لە یانەکانی دیکە یاریی دەکەن ''.

لەبارەی بەشداری کردنی یامال و کوبارسی لە یۆرۆ و ئۆڵمپیک

چاڤی '' ئەگەر بەم شێوەیە بێت و ئەو دوو یاریزانە بانگهێشتی ئەو دوو پاڵەوانێتیە بکەن، ئەو کات لەگەڵ فێدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکەمان قسە دەکەین و پێشنیازی خۆمان دەبێت.''