هەنگاوەکانی دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد

کۆبوونەوەی بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خویندنی باڵا و بەڕێوەبەرانی تۆماری سەرجەم زانکۆی حکوومییەکانی هەرێمی کوردستان
کۆبوونەوەی بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خویندنی باڵا و بەڕێوەبەرانی تۆماری سەرجەم زانکۆی حکوومییەکانی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاند، پێویستە سەرجەم زانکۆ حکوومییەکان لە ماوەی پێنج رۆژدا داتای سێ یەکەمەکانی ساڵانی خوێندنی (2017-2018) تاوەکو (2022-2023) بنێرن بۆمان بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ناویان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران.

ئەمڕۆ یەکشەممە (12ـی ئایاری 2024) لە دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا و بەڕێوەبەرانی تۆماری زانکۆ حکوومییەکان کۆبوونەوەیەکی گرنگ بۆ دەستپێکردنی هەنگاوەکانی دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی سەر ئاستی بەشەکانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی خوێندنی (2017- 2018) تاوەکو (2022 - 2023) بەڕێوەچوو.

لەمیانەی کۆبوونەوەکەدا، د.توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاند، سەرۆکایەتى ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان نووسراوێکى بە ژمارە (1928) لە ڕێکەوتى (2024/4/25) ئاراستە کردووین، بۆ ئەوەى داتا و زانیارى تەواو لەبارەى سێ یەکەمى زانکۆکان ئامادە بکەین و دواتر ڕەوانەى بەغداى بکەین بەمەبەستى دامەزراندنیان.

ناوبراو ئاماژەی بەوەدا، لەسەر سەرجەم زانکۆکان پێویستە لە ماوەى پێنچ ڕۆژى کارکردندا تەواوى زانیارییەکان وەک لە خشتەى دیاریکراودا هاتووە و تایبەتە بە سێ یەکەمەکانى سەر بەشەکان لە دەرچووانی ساڵانی خوێندنى (2017 - 2018) تاوەکو (2022- 2023) بە لیستى جیا بەرز بکەنەوە بۆ وەزارەت.

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە باسی لەوەکرد، لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا لیستى ناوى (1982) وانەبێژمان لە زانکۆکانى هەرێم ڕەوانەى بەغدا کردووە بۆ دامەزراندن، بەهەمان شێوە پێشتریش لیستى ناوى (980) لە هەڵگرانى ماستەر و دکتۆرامان ڕەوانەى بەغدادکرد بە مەبەستى دامەزراندناین، بۆ ئەمەش بەغدا ڕەزامەندى لەسەر دامەزراندنى (226) کەسیان نیشاندا کە لە دانیشتووانى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان بوون، ئەوە جگە لە دامەزراندنى (2075) سێ یەکەمەکان و (2626) بەشە پزیشکییەکان لە بەغدا، کە بەهەمان شێوە خەڵکى ناوچە کوردستانیەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان بوون.

د.توانا نەجەف، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، لە هەرێمى کوردستان، ساڵانى ڕابردوو توانرا سێ یەکەمەکانى ساڵانى (2015-2016) و (2016-2017) دابمەزرێندرێن، کە ژمارەیان (2842) یەکەم، دووەم و سێیەمی سەر ئاستی بەشەکانی زانکۆکان حکوومییەکانی هەرێمی کوردستان بوون.