دهۆک و نەورۆز لە دێربی کوردستان رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە

یانەی دهۆک
یانەی دهۆک

یانەی دهۆک دوای سێ یەکسانبوونی لەسەر یەک بەرامبەر یانەکانی ئەمانە و حدود و کەربەڵا، ئەمجارەیان لە گەڕی 28 خولی ئەستێرەکانی عێراق و لە یاریگای خۆی، میوانداری یانەی نەورۆز دەکات.

دهۆکیەکان نایانەوێت زیاتر خاڵەکانیان لەدەست بدەن، بە تایبەت ئەو یارییانەی لە یاریگای خۆیانە، بۆ ئەوەی چیدیکە لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی دوورنەکەون، کە ئێستا ئەو یانەیە بە کۆکردنەوەی 41 خاڵ و بە جیاوازی گۆڵ و بە یارییەک زیاتر لەگەڵ نەورۆزی خاوەنی پلەی حەوتەم، لە پلەی شەشەمی ریزبەندی دێت.

دهۆک لە ئەگەری دۆڕانی لەم یارییە، ئەو کاتە پێگەکەی لە بەرژەوەندی نەورۆز لەدەستدەدات، هەروەها بەهۆی ئەوەی نەورۆز یارییەکی دواخراویشی هەیە، رەنگە هێندەی دیکە لە پلەکانی پێشەوە ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراق دووربکەوێتەوە.

ئەم وەرزە یانەی دهۆک لە کۆی 27 یاریی 13 یاریی لە یاریگای خۆی بەرامبەر رکابەرەکانی کردووە، لەو سێزدە یارییەش تەنها یەک یاریی ئەویش بەرامبەر تەڵەبە لە گەڕی حەوتەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق دۆڕاندووە، لەو کاتەوەش لە یاریگای خۆی هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە.

هەرێم تەحسین بەرگریکارەکەی یانەی دهۆک، بەهۆی ئەو پێکانەی لە شانیدا تووشی بووە، ناچار بوو نەشتەرگەری بکات، هەربۆیە ئەو بەرگریکارە بۆ ئەم یارییە بەردەست نابێت و هیچ یارییەکی دیکەی یانەکەی لەم وەرزە بەشداری ناکاتەوە.

عیماد لواتی هێرشبەری تونسی یانەی دهۆک، ئەم وەرزە بە تۆمار کردنی شەش گۆڵ، باشترین گۆڵکاری یانەکەیەتی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، لە دوای ئەویش یانیک زاکیری بە تۆمار کردنی چوار گۆڵ و هەروەها جەبار کەریم و هیران ئەحمەدیش بە تۆمار کردنی سێ گۆڵ، پلەکانی دیکە دێن.

هەردوو یانەی دهۆک و نەورۆز لە مێژوودا سێجاری دیکە پێش ئەم یارییە رووبەڕووی یەکتری بونەتەوە، لەو سێ یارییەش دهۆک لە دوو یاریی براوە بووە و لە یارییەکیش نەورۆز براوە بووە، واتە هیچ یارییەکی نێوان ئەو دوو یانەیە بە یەکسانبوون کۆتایی نەهاتووە.